Abdullah Shukur
10 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2019
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "بانگھێشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکەمان کرد کە ١٥ی ئایار بە رۆژی ھاریکاری نێودەوڵەتی بۆ دژی ئیسلام فۆبیا رابگەیەنن. بۆ ئەوەی ئەم بانگھێشتەی ئێمە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە چاوەڕێی پشتیوانی وڵاتەکانتان دەکەین".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتان لە شاری ئەنقەرە لە پرۆگرامی بەربانگ کردنەوە کۆبووەوە و گوتارێکی پێشکەش کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "سەرەڕای گشت ھەوڵەکانمان، ئەوە دەبینین کە دووڕوویی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تەوژمی تیرۆر و توندڕەوی بەردەوامە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی پاککردنەوەی ناوچەکانی سووریا لە تیرۆر گوتی: "بەمزووانە ناوچەکانی دیکەی تیرۆر لە نزیک سنووری وڵاتەکەمان لە سووریا پاک دەکەینەوە و ھەوڵدەدین بۆ گەڕانەوەی نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەر بۆ ماڵەکانی خۆیان".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی باکووری سووریا رایگەیاند: "نابێت بە ئاسایی بگوترێ کە ئەمانە چالاکی تاکە کەسین یان ئەمانە رێکخراوی ئاسایین و رێکخراوی تیرۆریستی نین. بە پێچەوانەوە لە ماوەیەکی نزیکدا جیھانەکەمان دەبێتە شوێنێک کە کەس تیایدا ئارام نابێت و بە ئاسوودەیی ناژێت".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "تاکە شت کە ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە کە ئەوانەی خۆیان بە دۆستی ئێمە دەزانن دۆستایەتی خۆیان نیشانی ئێمە بدەن، ئەوانەی کە خۆیان بە ھاوپەیمانی ئێمە دەزانن ھاوپەیمانێتی خۆیان نیشان بدەن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە پرسی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا کرد و گوتی: "پرسی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا ھەر لە سەرەتاوە بۆ ئێمە بووە ئامانجی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەمان، ئەمە تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام تاکو ئێستا یەکێتی ئەورووپا سەرقاڵمان دەکات".
گوتیشی: "ھەم ئەندامی ناتۆین و ھەمیش ھاوبەشی ستراتیژی ناتۆین، دواتریش باس لە سەپاندنی سزا دەکرێت. ئەمە مایەی تێگەیشتن نییە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئەوان ئەندانی ناتۆن و قبوڵیش ناکەن ھیچ کەسێک ھەڵەیان لە بەرامبەر بکات، گوتیشی: "ئێمە ئەندامی ناتۆین. کەواتا ھەرگیز قبوڵی ئەوە ناکەین کە ئەندامانی دیکەی ناتۆ ھەڵە لە بەرامبەر ئێمەدا بکەن".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئیسرائیل گوتی: "دەسەڵاتی ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئەو تاوانەی لە غەززە ئەنجامی داوە، نەخرێنە رۆژەڤەوە، دامەزراوەکانی راگەیاندن کە دامەزراوەی ئێمەشی تیادایە بۆردومان دەکات".
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە پرسی قوبرس کرد و گوتی: "سەقامگیری قوبرس و دەریای سپی رۆژھەڵات تەنھا بە پێدانی بەرژەوەندی و مافەکانی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور و تورکیا دەستەبەر دەکرێت".
ئەردۆغان گوتیشی: "داوا لە گشت وڵاتان دەکەین کە لە پرسی فەڵەستین و قودس ھۆشیارانە ھەڵسوکەوت بکەن و ھەڵوێستی کاریگەیان ھەبێت".