Sarmand Hameed
01 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2018
هاتای - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بنکەیەکی سەربازیی سنووریی لە شاری هاتای باشووری تورکیا بەسەرکردەوە.
ئەردۆغان دوای بەشدارییکردنی لە کۆنگرەی لقی هاتای ئاک پارتی سەردانی ئەو بنکە سەربازییەی کرد.
ئەردۆغان لە بەسەرکردنەوەکەیدا بۆ بنکەی "ئۆغڵوپنار"ی سنووریی کە جلوبەرگی سەربازیی پۆشی بوو، هەر یەک لە سەرۆک ئەرکانی سوپا، خوڵوسی ئاکار و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی دیکە یاوەری بوون.
هاوکات ژمارەیەک لە وەرزشوان و هونەرمەندانی تورکی ناوچە یاوەری ئەردۆغان بوون بەمەبەستی دەربڕینی پاڵپشتی بۆ سوپای وڵاتەکەیان لە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون کە لە ناوچەی عەفرین دژ بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەڕێوەدەچێت.
لە گوتەیەکدا بۆ سەربازانی بنکەکە، سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون تا ئێستا سێ هەزارو٨٥٢ تیرۆریستیان لە ناوچەی عەفرین لە چالاکی خستووە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە کۆنتڕۆڵکردنی ناوەندی شاری عەفرین بەر لەوەی ئۆپەراسیۆنەکە بگاتە دوو مانگ رووداوێکی مێژووییە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەوە بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە سوپای تورکیا و هێزەکانی جەندرمە و پۆلیسی تورکیا و سوپای سووریای ئازاد کرد.
رۆژی ٢٤ی ئادار هێزە بەشداربووەکان لە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون گشت ناوچەکانی عەفرینیان بە تەواوەتی لە تیرۆریستان پاککردەوە دوای دوو مانگ لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە.