Rewa Mahmut Hasan
06 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2016
دیاربەکر- AA
گوتەبێژی هەدەپە، ئایهان بیلگەن رایگەیاند کە تەواوی چالاکییەکە ئۆرگانییەکانی پارتەکەیان راگرتووە.
گوتەبێژی هەدەپە، ئایهان بیلگەن لەدوای کۆبوونەوەی سەرکردەکانی پارتەکەیان لە دیاربەکر، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست وئیدانەی تەقینەوەکەی چواری ئەم مانگەی دیاربەکری کرد کە کەسانی مەدەنی کردە ئامانج.
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا بیلگەن رەخنەی لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و حکوومەتی وڵاتەکەی گرت و گوتی: "ئەمڕۆ ئەردۆغان و دەسەڵاتی ئاکەپە، هێرشی توند دەکەنە سەر سیاسەتی دیموکراتی و ئۆپۆزسیۆنی دیموکرات ودەستدرێژی دەکەنە سەر دەستکەوتە دیموکراتیەکان".
بیلگەن ئاماژەی بەوەدا کە سەرەتا پارێزبەندی یاساییان هەڵگرت و دواتریش هەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووزیان بەهەل زانی و لە رێگەی دۆخی نائاساییەوە کودەتای خۆیان دەسەپێنن و پەرلەمان پەک دەخەن و تورکیایان کردۆتە کۆماری قەییومەکان و دواجاریش تۆزقاڵێک رێز لە بژاردە و ئیرادەی گەل ناگرن و هاوسەرۆکانمان لەگەڵ ٩ پەرلەمانتاری پارتەکەمان دەستگیر دەکەن. رێگری کردن لە ئەندامان و سەرکردەکانی پارتەکەیانی بۆ ناو بارەگای پارتەکەیان لەئەنقەرە بە هەڵوێستی نادیموکراتیانەی حکوومەت وەسف کرد.
بیلگەن گوتی: "رێگەی یەکسانی کولتورەکان و گەلانی ناو تورکیا بریتییە لە بوونی هەدەپە و هاوپەیمانێتیان، تەنیا لەو رێیەوە بەهێز دەبن. دەسەڵات دەتوانێت هاوسەرۆکانمان لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەستگیر بکات کە داخوازی دیموکراسی و دادپەروەرین. بەڵام هەرگیز ناتوانێت وا لەئێمە بکات دەستبەرداری هەڵوێستی سەرەکی خۆمان بین تاکو پاشگەزبیینەوە لە خەباتی خۆمان لەمەیدانی سیاسی دیموکراتی".
لەبارەی هەڵوێستی پارتەکەیان لەسەر بەشداری نەکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدا بڕیاریان داوە و دواتریش بڕیار بۆ گەلە.
هاوکات بیلگەن لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بەشداری نەکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لەلایەن پارتەکەیانەوە تا کەی بەردەوام دەبێت، هاوکات کێ وەک بریکاری راپەراندنی کاری هاوسەرۆکی دیاری دەکەن لەدوای دەستگیر کردنی هاوسەرۆکانیانەوە، بیلگەن ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەیان گەل بڕیار دەدات لەکوێ دەبن و چەندێک دەخایەنێت.