Salih Bilici,Abdullah Shukur
05 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2019
ئەنقەرە - AA
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو، شەنۆل قازانجی لەبارەی ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە کەرتی غەززە گوتی: "زۆر ئاشکرایە کە سوپای ئیسرائیل راستەوخۆ نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵوی لە غەززە و کارمەندەکانی کردووەتە ئامانج".
شەنۆل قازانجی لەبارەی ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە کەرتی غەززە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێدا ھاتووە: "سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ ئێوارە ھێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە غەززە ئەنجامداوە. جێھێشتنی بینایەکە لەلایەن ھاوڕێیانمان (کارمەندانی ئاژانسی ئانادۆڵو) ماوەیەکی زۆر کەم بەر لە ھێرشەکە، رێگری لە زیانی گیانی کردووە. زۆر بە ئاشکرای دیارە کە سوپای ئیسرائیل راستەوخۆ نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کارمەندانی لە غەززە کردووەتە ئامانج".
قازانجی رایگەیاندووە: "ئەو ھێرشەی کراوەتە سەر ئاژانسی ئانادۆڵو و کارمەندەکانی، ھێرشێکە بۆ سەر ئازادی راگەیاندن و ئازادی گەیاندنی ھەواڵە بە خەڵک. ئەم ھێرشەی ئیسرائیل، یەکەمین ھێرش نییە کە دەکرێتە سەر رۆژنامەنووسان و دامەزراوەکانی میدیایی لە فەڵەستین. دەمانەوێت گشت جیھان ئەوە بزانێت کە ئەم ھێرشانە ئێمە ناروخێنێت. ئاژانسی ئانادۆڵو بە تیمەکانمانەوە لە فەڵەستین و غەززە بەردەوام دەبێت لە نیشاندنی خەباتی رەوای گەلی فەڵەستین و ھەڵوێستی ھێرشکەرانەی ئیسرائیل".
لەلایەکی دیکەش سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو، شەنۆل قازانجی کرد و ھیوای سەلامەتی بۆ کارمەندانی نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە غەززە خواست کە ئەمڕۆ ئێوارە سوپای ئیسرائیل بینایەی ئاژانسی ئانادۆڵوی لە کەرتی غەززە کردبووە ئامانج.
ھاوکات جێگری سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، نومان کورتوڵموش لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو، شەنۆل قازانجی کرد و ھیوای سەلامەتی بۆ کارمەندانی نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە غەززە خواست.
هەروەها وەزیری دادی تورکیا، عەبدولحەمید گول لە سەڵامەتی کارمەندانی نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵوی لە کەرتی غەززە پرسییەوە.
ھەر لەبارەی ئەو ھێرشەی ئیسرائیل گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن رایگەیاند: "ئیسرائیل نموونەی نوێی ھێرشکەرانەی نیشانداوە و بینایەی نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵوی کردووەتە ئامانج. بە توندی ئیدانەی ئەم ھێرشە دەکەین".