Ramal Mahmood
28 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2016
- چوکورۆڤا یەکێکە لە ناوچە کشتووکاڵییە بەناوبانگەکانی تورکیا بەهۆی لەباریی ئاووهەواوە. لە دوای ماندووبوونێکی زۆر بە پێگەیاندنی رەز و رنینەوەی ترێ، دۆشاو لەم بەرهەمە ئامادەدەکرێت. بەمەبەستی بەرهەمهێنانی دۆشاوی ترێ کە لە وەرزی زستاندا دەبێتە خواردنێکی سەرەکی ژەمەکانیان، ئەم ماوەیە رەزەوانان زۆر سەرقاڵن.
چوکورۆڤا یەکێکە لە ناوچە کشتوکاڵییە بەناوبانگەکانی تورکیا بەهۆی لەباریی ئاووهەواوە. لە دوای ماندووبوونێکی زۆر بە پێگەیاندنی رەز و رنینەوەی ترێ، دۆشاو لەم بەرهەمە ئامادەدەکرێت. بەمەبەستی بەرهەمهێنانی دۆشاوی ترێ کە لە وەرزی زستاندا دەبێتە خواردنێکی سەرەکی ژەمەکانیان، ئەم ماوەیە رەزەوانان زۆر سەرقاڵن.
ژنانی شارۆچکەی قادرلی پارێزگای عوسمانیە، بەڕێگەی سرووشتی کۆن ترێ دەشێلن و دەیکەنە دۆشاو. دوای ئەوەی ترێی رەزەکان دەڕنن و بۆڵەکانی جیادەکەنەوە و دەیخەنە ناو توورەکە، جزمە لەپێدەکەن و خەریکی شێلانی دەبن، ئەو ئاوەی کە لە ئەنجامی شێلانی ترێکە درووستدەبێت، ماوەیەکی زۆر لە مەنجەڵی گەورەدا لەژێر ئاگردا دەکوڵێنرێت. جۆرە خۆڵێکی خاک لە ئاوەکە دەکرێت کە دۆشاوەکە خەستدەکاتەوە.
دواتر دیسانەوە دەخرێتە بەر ئاگر و رەنگی دۆشاوەکە دەگۆڕێت بۆ سووری تۆخ، دوای ئەمە بۆ ماوەی سێ تاوەکو پێنج رۆژ دەخرێتە بەر خۆر، پەڕۆی پێدا دەدرێت کە ئەمەش دوا قۆناغی ئامادەکردنەکەیەتی. پاشان دەخرێتە ناو شووشەوە و لە وەرزی زستاندا بە تایبەت لەخوانی بەیانیاندا دەخورێت.
- "تام و چێژەکەی ماندووبوون و رەنجکێشانیان لەبیر دەباتەوە"
گوندنشینێکی گوندی قەرەتەپە کە ناوی رەحیمە ساڤرونە، لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوەکرد رێگا سرووشتییەکانی ئامادەکردنی دۆشاوی ترێ لە باووباپیرانیانەوە فێربوون، هەموو ساڵێکیش لە مانگی ئاب و ئەیلوولدا بەم کارە هەڵدەستن. جەختی لەوەشكردەوە دوای رەنج و ماندووبونێکی زۆر ئەم دۆشاوە ئامادەدەکەن، گوتیشی: "٥٠ ساڵە دۆشاوی ترێ ئامادەدەکەم. لەگەڵ ئەوەی کوێرەوەریی زۆرە، بەڵام تام و چێژەکەی ماندووبوون و رەنجکێشانمان لە بیر دەباتەوە. بە هەرەوەزی لەگەڵ دراوسێ و منداڵەکانمان لەماوەی چەند رۆژێکدا دۆشاو ئامادەدەکەین".
ساڤرون، باسی ئامادەکردنی دۆشاوی کرد و رایگەیاند: "لە رەزەکانەوە هێشووە ترێ جوان و باشەکان کۆدەکەینەوە، بە ئاو جوان دەیانشۆینەوە. دوای وشکبوونەوەی جۆرە خۆڵێکی سپی تێدەکەین و دەیخەینە ناو توورەکە، بەهۆی شێلانەوە ئاوی ناو بۆڵە ترێکان دێتە دەرەوە. ئینجا ئەم ئاوە دەکرێتە ناو مەنجەڵەکان، تاکوو رەنگی دەگۆڕێت بۆ سووری تۆخ دەیکوڵێنین و دواتر ساردی دەکەینەوە. پاشان سەری مەنجەڵەکان بە پەڕۆ دەبەستین و بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج رۆژ لەبەر تیشکی هەتاودا دایاندەنێین. دواتر دۆشاوەکە دێتە بەرهەم، دەیخەینە جامی شووشەوە و چوار وەرزی ساڵ لەسەر خوانەکان دەخورێت. بەشێوەیەکی گشتی لە خوانی بەیانیاندا دەخوورێت. هاوینانیش لەگەڵ ئەم بەفرەی لە چیاکانەوە دەهێنرێت، تێکەڵ دەکرێت و خواردنێکی خۆشی لێ بەرهەمدێت".
گوندنشینێکی گوندی کزیوسفلو بەناوی حەوا کارائوجە، ئاماژەی بەوەدا دۆشاوەکەیان تەواو سرووشتییە و هیچ مادەیەکی دیکەی تێناکرێت، لەبەر ئەوە زۆر بەتام و چێژە، دوای رنینەوەی ترێ لە رەزەکان و رەنج و ماندووبوونێکی زۆر ئامادە دەکرێت و نرخی یەک کیلۆشی لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ لیرە (حەوت بۆ نۆ دۆلار)دایە.