Azad Mohammed Abdullah
20 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2019
دهۆک - AA
بە بەشداریى ٣٣ جووتیارى سنوورى پارێزگاى دهۆک و ژمارەیەکى زۆر له بەرپرسانى حکوومیى و حزبى ١٣یهمین فێستیڤاڵى ترێ بە نماییشکردنى زیاتر لە ٦٠ جۆر ترێ بەڕێوەچوو. سەرپەرشتیارى فێستیڤاڵهكهش رایگهیاند "ئامانجمان لە فێستیڤاڵى ترێى دهۆک، کۆکردنەوەى جووتیارانى سنوورى پارێزگاكهیه لهپێناو ئهوهی زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕبکەن".

سەرپەرشتیارى فێستیڤاڵى ترێ لە پارێزگاى دهۆک، سەعدوڵڵا ئەحمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو، رایگهیاند "دوێنێ بە بەشداریى ٣٣ جووتیارى سنوورى پارێزگاى دهۆک و بە نماییشکردنى ٦٠ جۆر ترێ، بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسانى حکوومیى و حیزبىی، فێستیڤاڵى ترێ بەڕێوەچوو".
سەعدوڵڵا ئەحمەد گوتیشى: "لە فێستیڤاڵەکەدا سەرجەم جۆرەکانى ترێى سنوورى پارێزگاى دهۆک نماییشکرا، هەموو ئامانجێکمان کۆکردنەوەى جووتیاران و ناساندنى بەرهەمى ترێ بوو بە خەڵک، لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێت جووتیاران ئەزموون و زانیارییەکانییان لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕبکەن".

سەعدوڵڵا ئەحمەد ناوى بەناوبانگترین ترێكانی ئاشکراكرد و رایگهیاند "ترێ زەرک، رەش مێو، تائیفی، کمانى، رەشمیرى، حیجازى، زەیتوونى، جنوبى، میرانى، ریدگلوب، کشمش، موسا بەگ، سلێمانى رەش، سلیمانى زەرد، چاوگا، کرکرانى، بلاک بێری، گەڤرە رەش، تەبرێزیى و دەیان جۆرى دیکە کە لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، تورکیا و ئێران هاوردەکراون و بە موتربەکردن چەندین جۆر ترێى نوێ بەرهەمهێنراوە".

راشیگهیاند: "بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کشتووکاڵى پارێزگاى دهۆک بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارن لە بەڕێوەچوونى فێستیڤاڵى ترێ".
هاووڵاتیی دیار مەجید كه بەمهبهستی بینینى جۆرەکانى ترێ سهردانی فێستیڤاڵهكهی كردووه، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "من كهسێكم هاوشێوەى زۆرینەى دانیشتوانی پارێزگاى دهۆک حەز بە خواردنى ترێ دەکەم، بۆیە بەشداریم لە فێستیڤاڵەکە کرد مەبەستم بوو بزانم چەند جۆر ترێى رەش هەیە و تامیان بكهم و شێوەکانیان ببینم".
هەرچەند لە سنوورى پارێزگاى دهۆک ترێ تەنها بۆ خواردن و درووستکردنى شهربهت بەکاردێت، بەڵام لەسەر ئاستى جیهان لهسهدا٨٠ی بەرهەمی ترێ بۆ درووستکردنی شەراب، لهسهدا ١٣ی بە تازەیی دهخورێت و ئهو لهسهدا ٧هشی كه دهمێنێتهوه چەندین جۆر شەربەتى لێ درووستدەکرێت.