Rewan Niheli
08 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2016
دهۆك - AA
ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی دهۆك، دەیەمین پێشانگای ساڵانەی بەرهەمی ترێی کردەوە.
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای دهۆك، دکتۆر لەزگین حەجی بە ئاژانسی ئانادۆلۆی رایگەیاند "پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی عێراق یەكەمە لەبواری بەرهەمهێنان و جۆرەكانی ترێ، 96 جۆری ترێمان لە دهۆك هەیە، پێشبینی دەكەین ئەمساڵ بەرهەمی ترێی جووتیارانی پارێزگا بگاتە، 25 هەزار تۆن".
دکتۆر لەزگین حەجی، ئاماژەی بەوەشدا كە دەیانەوێت لەڕێگەی كردنەوەی ئەم پێشانگایانە، راوێژكاری جووتیارانی ناوچەكە بكەن و هەروەها جووتیاران ئامادەدەبن سوود لە ئەزموونی بەرهەمهێنانی ترێ وەردەگرن كە چ جۆرە ترێیێك بۆ چ ناوچەیەك زیاتر گەشە دەكات، هەروەها ئەم پێشانگایە جۆرێكە لە بازاڕكرن و جووتیاران سوودیان بینیوە لە بە بازاڕكردنی بەرهەمەكانیان".
دکتۆر لەزگین حەجی گوتیشی: "ئێمە ساڵانە دەڵێین ئەمە بەرهەمی جووتیاران و، ئەویتر دەمێنێتەوە لەسەر هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی كە ئەوانیش كارگە و کۆگا دورست بكەن بۆ ئەوەی سوود لە بەرهەمەکە وەربگریت".
جووتیارێك، بە ناوی عەلی حەجی عەبدو كە بەرهەمەكەی لە شارۆچكەی قەدشەوە سەربە قەزای ئامێدی بەشدارببوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ گوتی: "پارێزگاری دهۆك، فەرهاد ئەترووشی لەم پێشانگایەدا بەشدارببوو، بینم و گللەیی ئەوەم لێی كرد كە بەپێی پێویست هاوكاری جووتیاران ناكەن و پێم گوت ئەگەر پشتیوانی جووتیاران بكەن، دوو ئەوەندە دەتوانرێت بەرهەمەكانیان زیاد بكەن".
بەپێی پسپۆران 121 جۆری ترێ لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێت کە 96-یان لە دهۆكە.
پارێزگاری دهۆك فەرهاد ئەترووشی لە ووتەیەكدا گوتی: "بەرنامەیەكی رێكوپێك لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كشتۆكالی دهۆك دادەنێن و ئەوەی لە توانای كارگێڕی پارێزگای دهۆك دابێت پێشكەش بە جووتیاران دەكەین بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان زیاد ببێت نەک بەتەنها بۆ دهۆك بەڵكو بۆ پارێزگاكانی تری عێراق بەش بكات و وڵاتانی دەورووبەریش سوود لە ترێی دهۆك وەربگرن".
پارێزگاری دهۆك گوتیشی: "ئێمە لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە هەوڵ دەدەین، سەرمایەدارانی دهۆك ئەگەر كارگەی گەورەش نەبێت، كارگەی بچووك دروست بكەن و لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی پارێزگادا بیخەینە بەرنامەی كار و وەكو پلانەك هەوڵ دەدەین لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ پشتیوانی ئێمە بكەن بۆ ئەوەی بتوانین ئەم جۆرە كارگەیانە دروست بكەین".