Muhammet Ali Kemal
01 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2017
ئیستانبوڵ - AA
وەزیری تەندروستی تورکیا، رەجەب ئاکداغ:
- ''لە ئێستادا 65 کەس لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن و 4یان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە''.
- ''(سەبارەت بە ناسنامەی بریندارەکان) دوای ماوەیەک رووندەبێتەوە. لە ئێستادا بایەخ بە پێداویستییە پزیشکییەکانی بریندارەکان دەدرێت. هاوکات هێزەکانی ئاسایش بەردوامن لە کارەکانیان''.
وەزیری تەندروستی تورکیا، رەجەب ئاکداغ رایگەیاند لەو کەسانەی کە لە ئەنجامی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ برینداربوون، 65یان لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن و 4یان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
وەزیری تەندروستی، رەجەب ئاکداغ و وەزیری ناوخۆ، سولەیمان سۆیڵو و پارێزگاری ئیستانبوڵ، ڤاسیپ شاهین و بەڕێوەبەری ئاسایش، موستەفا چاڵشکان دوای ئەوەی سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کرد و لە هێرشە تیرۆریستییەکەیان کۆڵییەوە، بریندارەکانی هێرشەکەیان لە نەخۆشخانە بەسەرکردەوە.
رەجەب ئاکداغ، دوای بەسەرکردنەوەی بریندارەکان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد لەنێو ئەو کەسانەدا کە لەئەنجامی هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردوو، گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، هاووڵاتی بیانی هەیە.
ئاکداغ باسی لەوەشکرد لەگەڵ بیستنی هەواڵی هێرشەکەدا لە ئەنقەرەوە و وەزیری ناوخۆش لە شارۆچکەی یوکسەکۆڤای سەربە پارێزگای هەکارییەوە، گەیشتوونەتە ئیستانبوڵ. سەرەتاش چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دواتریش سەردانی نەخۆشخانەکانیان بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی بریندارەکان، کردووە.
وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند ''لە ئێستادا 65 بریندار لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن. دۆخی تەندروستی 4یان ناجێگیرە. ئەو کەسانەی لە رووداوگەلی لەمجۆرەدا برینداردەبن، ئەگەری هەیە دواتر دۆخی تەندروستییان بگۆڕێت. ئەو زانیارییانەی لە ئێستادا لەلای ئێمە بوونی هەیە، ئەو زانیارییانەیە کە هاوڕێکاکانمان بەئێمەیان داوە. ئەویش بەوشێوەیەیە کە برینی 4 لە بریندارەکان ئێجگار سەختە. داوای لێخۆشبوون بۆ ئەو کەسانە دەکەم کە گیانیان لەدەستداوە. داوای شیفای بەپەلە بۆ بریندارەکان دەکەم. هەرچەندە کارەکانی دیارییکردنی ناسنامەی قوربانییەکان بەردەوامە، بەڵام ئەوە دەزانین کە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی بیانی لەنێو بریندارەکاندان''.
سەبارەت بە ناسنامەی بریندارەکان، وەزیری تەندروستی تورکیا گوتی: ''دوای ماوەیەک رووندەبێتەوە. لە ئێستادا بایەخ بە پێداویستییە پزیشکییەکانی بریندارەکان دەدرێت. هاوکات هێزەکانی ئاسایش بەردوامن لە کارەکانیان''.