Muhammet Ali Kemal
01 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2017
ئیستانبوڵ - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی ناوچەی ئۆرتاکۆی شاری ئیستانبوڵ زانیاریی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ''39 کەس گیانیان لەدەستداوە''.
سولەیمان سۆیڵو لە شارۆچکەی یوکسەکۆڤای پارێزگای هەکارییەوە بەفڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە ئیستانبوڵ. لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لەگەڵ هەریەک لە وەزیری تەندروستی، رەجەب ئاکداغ و پارێزگاری ئیستانبوڵ و ڤاسیپ شاهین و بەڕێوەبەری ئاسایش، موستەفا چاڵشکان کۆبوویەوە، دواتر روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی ئیستانبوڵ دا.
سۆیڵو باسی لە وەکرد 21 لەو کەسانەی کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە ناسنامەکانیان دیارییکراوە و رایگەیاند: ''لەچوارچێوەی ئەو زانیارییانەشدا کە بەئێمە گەیشتووە، 39 کەس گیانیان لەدەستداوە. لە ئێستادا 21 لەمانە ناسنامەکانیان دیارە. تا ئێستاش کارەکانی دیارییکردنی ناسنامەی 18 کەسەکەی دیکە درێژەی هەیە. 16یان بیانین، 5یان هاووڵاتیی تورکیان، بەڵام سەبارەت بەو کەسانەی ناسنامەکانیان دیاریی نەکراوە، ناتوانین روونکردنەوەیەک لەوجۆرە بدەین''.
- ''69 کەس لە نەخۆشخانەکان چارەسەر پزیشکیی وەردەگرن''
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لە وەکرد کە هێرشەکە کاتژمێر 01:15 ئەنجامدراوە و گوتی:
''لەئێستادا 69 کەس لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پزیشکیی وەردەگرن. بەئێمە راگەیەنرا کە برینی 4یان سەختە، یەکێکیان برینەکەی زۆر سەختە. بەدڵنیاییەوە رووبەڕووی هێرشێکی تیرۆریستی بووینەتەوە. ئەو ناپاکە هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و لە شەوێکدا کە مرۆڤەکان هیواکانیان تازدەکەنەوە، بێ ئەوەی هیچ پارێزگارییەکیان هەبێت، بێ ئەوەی ئاگایان لەهیچ شتێک بێت، بەهیچ شێوەیەک شتێکی لەوجۆرە بەعەقڵیاندا نەهاتووە، هێرشێکی رەوشت نزمانە و دوور لە مرۆڤایەتییە. گەڕان بەدوای تیرۆریستەکەدا بەردەوامە. هێزەکانی ئاسایشمان رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر. هیوامان وایە لە ماوەیەکی کورتدا دەستگیری دەکەین. ئینشائەڵڵا جارێکی دیکە بەرەوڕووی هێرشی لەمجۆرە نابینەوە''.
- ''هەوڵەکانی دەستگیرکردنی تیرۆریستەکە بەردەوامە''
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو رێکخراوەی کە هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەنجامداوە، سۆیڵو گوتی: ''لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی ورد بەردەوامە. گوتنی شتێکی روون لە ئێستادا، شتێکی زۆر درووست نییە. هەرکاتێک قسەی روون هەبوو لەوبارەیەوە، بۆ رایگشتی بڵاودەکەینەوە''.
سولەیمان سۆیڵو ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ هەریەک لە وەزیری تەندروستی، رەجەب ئاکداغ و پارێزگاری ئیستانبوڵ، ڤاسیپ شاهین و بەڕێوەبەری ئاسایش، موستەفا چاڵشکان سەردانی شوێنی رووداوەکە و دواتریش سەردانی بریندارەکان لەنەخۆشخانە دەکەن.