Ramal Mahmood
01 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2017
بڕۆکسڵ – AA
- دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی ئیستانبوڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتان پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ تورکیا راگەیاند و پرسە و سەرەخۆشی خۆیشیان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان کرد.
- سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوە دا کە رێنمایی داوە بە تیمەکەی لە کاتی پێویستدا هاوکاری و یارمەتی پێویست پێشکەش بە بەرپرسانی تورکیا بکەن.
- سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ: "٢٠١٧ بە کارەساتێک لە ئیستانبوڵ دەستی پێکرد. دڵم لای گەلی تورکیا و ئەو کەسانەیە کە لە پیرۆز راگرتنی سەری ساڵدا ئەو هێرشانەیان کرایە سەر".
- نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی: "دڵم لای خۆشەویستیانیان و ئەو کەسانەیە کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەست دا. بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ پێشگرتن لەم جۆرە رووداوانە".
دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی ئیستانبوڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتان پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ تورکیا راگەیاند و پرسە و سەرەخۆشی خۆیشیان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان کرد.
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوە دا کە زۆر خەمبارە بەو هێرشە تیرۆریستییە کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانی بێتاوان، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان کرد. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە کە رێنمایی داوە بە تیمەکەی لە کاتی پێویستدا هاوکاری و یارمەتی پێویست پێشکەش بە بەرپرسانی تورکیا بکەن.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئێریک شوڵتر-یش ئەوەی خستە روو کە لە کاتێکدا ئۆباما و خێزانەکەی لە هاوای بوون هەواڵی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئیستانبوڵی بە ئۆباما راگەیاندووە و لە پێشهاتەکان ئاگاداری کردووەتەوە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی، نید پرایس لە لێدوانێکیدا رایگەیاند "ئەمریکا بەتوندترین شێوە هێرشە تیرۆریستییە ترسناکەکەی ئیستانبوڵ ئیدانە دەکات. لە هەماهەنگی و پشتیوانیداین لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانمان لە ناتۆ لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە تیرۆرێک".
وەزیری دەرەوەی کەنەدا، ستیفان دیۆن رایگەیاند "کەنەدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییە ترسناکەکەی ئیستانبوڵ دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت".
هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا-ئیسلام، نیهاد عەواد لە پەیامێکدا رایگەیاند "دڵمان لای کەسوکاری ئەو قوربانیانەیە کە لە ئاکامی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئیستانبوڵ گیانیان لەدەست دا و لای ئەو کەسانەیشە کە لە هێرشەکەدا بریندار بوون".
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوویەتی: "٢٠١٧ بە کارەساتێک لە ئیستانبوڵ دەستی پێکرد. دڵم لای گەلی تورکیا و ئەو کەسانەیە کە لە پیرۆز راگرتنی سەری ساڵدا ئەو هێرشانەیان کرایە سەر".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "دڵم لای خۆشەویستیانیان و ئەو کەسانەیە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەست دا. بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ پێشگرتن لەم جۆرە رووداوانە".
هەروەها ئەندامی بەرپرسیارێتی کاروباری هاووڵاتییان و کۆچ لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، دیمیتریس ئاڤرامۆپۆلۆس لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوویەتی: "بەم هێرشە تیرۆریستییە بۆسەر هاووڵاتییانی بێتاوان راچڵەکیم. دڵم ئەمشەو لای تورکیا و قوربانیانی هێرشەکە و کەسوکاریانە".
لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، مارتن شوڵز رایگەیاند: "دەبوو شەوێکی پیرۆزبایی بووایە. بەڵام تیرۆریستییان بۆنەکەیان گۆڕی بۆ شەوی مەرگ و بێهیوایی. دڵم لەگەڵ ئیستانبوڵ و تورکیایە".
راپۆرتۆری یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی تورکیا، کاتی پیریش گوتی: "ئەمە هەواڵێکی ئێجگار خەمناکە. دڵم ئەمشەو لای تورکیایە و نزاکانیشم بۆ ئەوە".
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەژماری تایبەتی خۆیدا نووسیوویەتی: "لەناو ترسێکی قوڵداین. خەمەکانمان لەگەڵ خەڵکی ئیستانبوڵن".
وەزیری دەرەوەی نەمسا، سێبەستیان کورس لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە دا "ساڵی نوێ دەستپێکێکی ترسناک بوو بۆ ئیستانبوڵ. لەناخی دڵمەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی کەسوکار و دۆستانی قوربانیان دەکەم".
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، دیدیەر ریەندەرس، گوتی: "ساڵی نوێ بە ترسەوە لە ئیستانبوڵ دەستی پێکرد. دڵم لای کەسوکاری قوربانیان و گەلی تورکیایە".
وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش، جان مارک ئیروە، رایگەیاند "دڵم لای ئەو کەسانەیە کە بوونە ئامانجی ئەو هێرشە لەم شەوە سیمبۆڵیەدا".