Abdullah Shukur
21 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن
ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند کە ھیچ جولەیەکی سەربازانی تورکیا لە نزیک موسڵ بەدی نەکراوە کە رێساکانی حکوومەتی بەغدا پێشێل بکات.
گوتەبێژی کۆشکی سپی جۆش ئێرنست، لە کۆنگرەی رۆژانامەوانی رۆژانەی خۆی، وەڵامی پرسیارێکی پەیوەندیدار بە سەردانی وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاشتۆن کارتەر بۆ تورکیا و بەشدارنەبوونی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ کرد.
ئێرنست گوتی: "بە ئاشکراییەوە ئاماژەمان بەوە کرد کە ئەنجامدانی ھەر جوڵەیەک لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پێویستی بە ھەماھەنگی حکوومەتی ناوەندی عێراقی ھەیە. تاکو ئێستا ھیچ جوڵەیەکی ئەوتۆی تورکەکان لە نزیک مووسڵ، نەبینراوە بەوەی کە ئێمە نیگەران بکات لە پێشێڵکردنی ئەم رێسایەی حکوومەتی ناوەندی عێراق".
لە ماوەی رابڕدوو، بەھۆی بوونی سەربازانی تورکیا لە ناوچەی باشیک کێشە کەوتبووە نێوان تورکیا و حکوومەتی عێراقی. بەم پێیەش حکوومەتی عێراقی رایگەیاندبوو کە بوونی سەربازانی تورکیا لەو شوێنە نایاساییە. لە بەرامبەر ئەمەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو کە سەربازانی تورکیا لەسەر رەزامەندی حکوومەتی ناوەندی عێراق و وەزارەتی بەرگری لەو شوێنە جێگیر کراون.