,Azad Muhamed
08 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2016
بەرپرسى ئۆپەراسیۆنەکانى باشیک :" لەم مانگە زیاتر لە ٥٠٠کەس لە ژێر دەستى داعش هەڵاتوون. ئەوانەى خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هیزەکانى پێشمەرگە زۆربەیان کوردى شەبەک و بەشێکیشیان عەرەبن".
بەرپرسى ئۆپەراسیۆنەکانى میحوەرى باشیک لیوا نورەدین حوسێن هەرکى بە ئاژانسى ئانادۆڵوى ڕاگەیاند: " ئەمڕۆش ٤٠ کەسى دیکە لە ژێر دەستى داعش هەڵهاتن و خۆیان گەیاندە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانى پێشمەرگە لەلایەن پێشمەرگە و فەرماندەکانى پێشمەرگەوە پێشوازى کران و یارمەتى دران".
لیوا نورەدین حوسێن ڕاشیگەیاند: " هەر لەم مانگەدا بەو٤٠ کەسەى کە ئەمڕۆ خۆیان گەیاندە ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە ژێر زوڵمى داعش هەڵاتوون و بەرەو هەرێمى کوردستان ڕێگایان گرتووەتەبەر".
لەبارەى هۆکارى زیاد بوونى ڕێژەى هەڵهاتنی هاووڵاتیان لەژێر دەستی داعش و هاتنیان بۆ سنوورەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە ئەو بەرپرسەى ئۆپەراسیۆنەکانى میحوەرى باشیک گوتى: " یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان لاواز بوون و پەرتەوازە بوونى چەکدارانى داعشە لە دەشتى نەینەوا، ئەو پەرتەوازییە گەیشتووەتە ئاستێک تیرۆریستانی داعش ناتوانن زیاتر قەڵەمڕەوى خۆیان بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن. هۆکارێکى دیکەیش نەمانى خواردن و خۆراکە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش ئەمەیش وایکردووە دانیشتووانى ناوچەکە بە ناچارى ڕێگاى مان و نەمان بگرنەبەر".
لیوا نورەدین حوسێن گوتیشى: "باس و خواسەکانى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ کاریگەری زۆرى خستووەتە سەر دانیشتووانى ناوچەکانى ژێر دەستى داعش، خەڵکەکە ترسى ئەوەى لێ نیشتووە ببنە قوربانى بۆردوومان و ڕووبەڕوو بوونەوەکان".
بەرپرسى ئۆپەراسیۆنەکانى میحوەرى باشیک گوتیشی: "ئەوانەى لە ژێر دەستى داعش هەڵدێن و خۆیان دەگەیەننە هێزەکانى پێشمەرگە زۆربەیان لە کوردانى شەبەک پێکدێن و بەشێکیشیان عەرەبى دانیشتووى ناوچەکەن. هەڵهاتووان لە هەردوو ڕەگەز و هەموو تەمەنێک پێکهاتوون زۆرینەیان منداڵ و مێرد منداڵان ژمارەیەکى کەمیش ئافرەت و کچن".
مەهدى ساڵح، دانیشتووى گوندى تڵیارەیە و یەکێکە لە هەڵهاتووانى ژێر دەستى داعش بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لە دوێنێ ئێوارەوە تا ئەمڕۆ نیوەڕۆ بە پیادە ڕۆیشتنمان کردووە تا گەیشتین بە هێزەکانى پێشمەرگە و هەرێمى کوردستان کە لە سەنگەرەکانى پێشمەرگە نزیک بووینەوە هەستمان بە ژیانێکى نوێ و ئارام دەکرد. سوپاس بۆ خودا و بۆ هێزەکانى پێشمەرگە لە پێشوازى ئێمە درێغییان نەکردووە و بە جوانترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ کردووین".
ئەو هەڵهاتووە گوتیشى: "لە ترسى گیانمان و هەڕەشەکانى تیرۆریستانى داعش لە کاتى ڕاکردنمان بۆ نزیک بوونەوەمان لە سەنگەرەکانى پێشمەرگە، لە دەشتاییەکانى سنوورى ناحیەى باشیک منداڵێکى تەمەن شەش ساڵانمان لێ بەجێماوە ترسى ئەوەمان هەیە لەبەر تێنوویەتى و گەرما گیان لە دەست بدات، ئەگەر بەو هۆکارە سروشتییەش نەبێتە قوربانى تیرۆریستانى داعش گولـلە بارانى دەکەن، چونکە دڵنیاین کە داعش دەست لە هیچ شتێک ناپارێزێت".
مەهدى باس لە مامەڵەکانى داعش دەکات و دەڵێت: "داعش مرۆڤ نین، بە خراپترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن کە چەکیان بۆ هەڵناگرێت. هەروەها سزای جەڵدە و سەربڕین و گولـلە باران کردن بەسەر ئەو کەسانە دەسەپێنن کە لەگەڵ بیر و باوەڕى ئەوان نەگونجێت، لەبەر چاوى من و خەڵکەوە لە نێو بازاڕ چەندین کەسییان گولـلە باران کردووە تەنها لەبەر ئەوەى ڕیشیان نەهێشتووەتەوە".
دەشڵێت: "من مێرد منداڵم ڕیشم نەهاتووە فەرمانى ڕیش هێشتنەوەیان بۆ دەرکردم پێم گوتن هێشتا ڕیشم نەهاتووە، کەچى پەنجا جەڵدەیان لێدام، بەردەوام داوایان لێ دەکردم کە سەردانى مزگەوت بکەین لە مزگەوتەکانیش بەردەوام خەریکی لە خشتە بردنى خەڵک و گەنجانن، بەردەوام داوا لە خەڵک دەکەن دژى پێشمەرگە بجەنگن".
مەحموود یەکێکى دیکەیە لە هەڵهاتووان لەبەر ئەوەى تا ئێستا بەشێک لە خانەوادەکەى لە ژێر دەسەڵاتى داعش ماون نەیویست ناوى تەواوى ئاشکرا بکات و گوتى: " ئەگەر ناوم ئاشکرا بکەم و تیرۆریستانى داعش بزانن خانەوادەکەم لەژێر قەڵەمڕەوى ئەوان دان، دڵنیام هەموویان کۆمەڵکوژ دەکەن سەریان دەپەڕێنن".
ئەو هەڵهاتووە جگەرەیەکی لە دەستى بوو باسى ئەو سزایانەى کرد کە لەسەر جگەرەکێشان چەشتبووى، ئەو دەیگوت: "لەسەر یەک جگەرە هەشتا جەڵدەیان لێدام و هەرچەند کردییان جگەرە نەکێشم، بەڵام بۆیان نەکرا جگەرەم لێ قەدەغە بکەن. لە ماڵەوە بە نهێنى جگەرەم دەکێشا".
ئەو هەڵهاتووە ڕیشێکى درێژى داعشى هەبوو لەوبارەیەوە گوتى: " لە تواناماندا نەبوو ڕیشمان درێژ نەکەین، تیرۆریستانى داعش لە نێو بازاڕ و بەردەرگاى ماڵەکان ئێمەیان بەرچاو بکەوتبا بەبێ سێ و دوو گولـلە باران دەکراین بە بەرچاوى منداڵەکانمان دەکوژراین بۆیە هەموو لایەک ناچار کراوین کە ڕووخسارمان وەک ڕووخسارى تیرۆریستانى داعشی لێ بێت".
ژمارەیەکى زۆریش لە نێو هەڵهاتووان ئافرەت و منداڵن یەکێک لە ئافرەتە هەڵهاتووەکان باسى مامەڵەکانى داعش دەکات و دەڵێت: " ژیان تراژیدیایە لە ژێر قەڵەمڕەوى تیرۆریستانى داعش، پیس و بەدڕەوەشتن، دەست لە هیچ شتێک ناپارێزن سەرەڕاى ئەوەى خواردن و خواردنەوە کەمبووەتەوە، خواردن و خواردنەوە لە ژێر دەستى تیرۆریستانە، کەسێک لەگەڵ بیرى توندڕەوى ئەواندا نەبێت بێ بەشى دەکەن لە خواردن و خواردنەوە".
دەشڵێت: "تیرۆریستانى داعش لە سزادان و ئازاردانى خەڵکی هیچ جیاوازى ناکەن لە نێوان منداڵ، کچ، ژن، گەنج و پیردا و هەموویان بەبێ جیاوازی ڕووبەڕووى ئەشکەنجە جەرگبڕەکان دەبنەوە".
کچێک بە چاوى پڕ فرمێسک و دەنگێکى هەنسک ئامێز لە نێو ئافرەتان دەنگى هەڵبڕى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دوا و گوتى: "با دونیا بزانێت کە داعش مسوڵمان نین، ئەوانەى ئەوان دەیکەن مرۆڤ نەیکردووە و نایشیکات، لەسەر نەبەستى نیقاب و سەرپۆش بە ناشیاوترین سزا، سزا دراوین، تیرۆریستانى داعش ئەگەر لەسەربان و بەردەرگاى ماڵ چاویان بە ئافرەتى بێ سەرپۆش بکەوێت، ڕاستەوخۆ بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەکى مرۆیى دەست دەکەن بە سووکایەتى کردن بە ئافرەتەکانمان".
هەر ئەو کچە ڕزگار بووە گوتیشى: "ئێستا خەڵکێکى زۆر لە ژێر دەستى داعش گیریان خواردووە و ناتوانن ڕا بکەن خواردن و خواردنەوە کەمبووەتەوە و ژیان لەوپەڕى خراپیدایە".