Sarmand Hameed
01 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2019
غەززە - AA
لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیلی بەڕووی خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی و بەکارهێنانی بۆمبی گازی لە میانی بەشدارییکردنیان لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەی گەورە لە سنووری ئەمنی نێوان باکووری کەرتی غەززە و ئیسرائیل، ٢١ خۆپیشاندەری فەڵەستینی برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندووە "لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیلی بەڕووی خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی و بەکارهێنانی بۆمبی گازیی لە میانی بەشدارییکردنیان لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەی گەورە، ٢١ خۆپیشاندەری فەڵەستینی برینداربوون".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ١٧ لەو بریندارانە بە گوللـەی راستەقینە برینداربوونە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە ئاماژەی بەوەشکردووە کە سێ کارمەندی تەندروستی و رۆژنامەنووسێک بە بۆمبی گازیی برینداربوونە.
لەوەتەی کۆتاییەکانی مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەى گەورە، هەزاران فەڵەستینی روو لەو خیوتانە دەکەن کە بە درێژایی سنووری نێوان رۆژھەڵاتی غەززە و ئیسرائیل ھەڵدراون و داوای گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینییەکان دەکەن بۆ شارەکانیان.
سوپای ئیسرائیل ئەو رێپێوانە کە بە ئاشتی بەڕێوەدەچێت سەرکوت دەکات و بە ھۆیەوە تاکو ئێستا دەیان ھاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و بریندارکراون.