Heman Hussein Yaseen Yaseen
10 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2019
ھەولێر - AA
هەریەک لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستی خۆیان دەخەنەڕوو.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، شێرکۆ جەودەت رایگەیاند: "دوای تەواوبوونی کۆبوونەکە، دەرەنجام لیژنەکان دابەشکران و سەرۆکایەتی لیژنەکان هەڵگیران بۆ کاتێکی دیکە و یەکگرتووی ئیسلامیی لە سەرۆکی لیژنەکان بەشدارە و، داواکارییەکەی یەکگرتووی ئیسلامیی کە داوای کردبوو ئۆتۆمبێل کڕین لەسەر دارایی گشتی نەبێت، ئەوە ئیقڕاری لەسەر کرا کە لەسەر مووچەی پەرلەمانتاران بکڕدرێت و ئەمەش چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار دەگێڕێتەوە بۆ دارایی گشتی".
لەبارەی ئەوەی یەکگرتووی ئیسلامیی سەرۆکایەتی کام لیژنە وەردەگرێت، شێرکۆ جەودەت گوتی: "بۆ سەرۆکایەتی لیژنەی دەستپاکی و لیژنەی پەروەردە نوێنەرەکانمان جێگیر کردووە".
دواتر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، کاوە عەبدولقادر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئێمە تێبینمان ھەیە کە سێ لیژنەی گرنگ نەوەی نوێ تیایدا دانەنراوە، ئەوانیش لیژنەکانی پێشمەرگە و دارایی و سامانە سرووشتیەکانە، ھۆکارەکەش ئەوان دەڵێن بەپێی پسپۆڕییە و ئێمە ئەوە بە ھۆکار نازانین و، ئێمە تا دوو رۆژی دیکە لە گفتوگۆدا دەبین، داوامانکردووە کە نەوەی نوێ بێبەش نەکرێت لە لیژنەکان".
لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمان پێکدێت لە، کاروباری یاسایی، دارایی و کاروباری ئابووری، پێشمەرگە و ناوخۆ، کشتوکاڵ و ئاودێری، پەروەردە و خوێندنی باڵا، کاروباری تەندروستی و ژینگە، شەھیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسیی، پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، وزو و سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و بارزگانی، شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان، رۆشنبیری و کۆمەڵگای مەدەنی و وەرزش و لاوان، دەستپاکی و کاروباری پەرلەمان و سکاڵا، ئەوقاف و کاروباری ئایینی و لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت.