Heman Hussein Yaseen Yaseen
08 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ هەینی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی لەبارەی خەرجییەکانی حکوومەت و پرسی پاشەکەوتی مووچە کۆبووەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی و سەرجەم وەزیرەکانی کابینەی هەشتەم، نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و ئاماژەی بە هەڵگرتنی بڕیاری پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرد.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان هەبوو تایبەت بوو بە بابەتی پاشەکەوتی مووچە لە هەریمی کوردستاندا، خۆشحاڵم کە رایبگەیەنم لەم مانگەدا بەبێ پاشەکەوت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "بەهۆی بارودۆخێکی سەختی دەرەوەی ئیرادەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سێ ساڵ لەمەوبەر ناچاربووین ئەو بریارە بدەین و سیستەمی پاشەکەوت دابنێن، بەڵام ئەمڕۆ توانیمان ئەو بڕیارە بدەین کە بڕیارێکی وا ئاسان نەبوو، دەتوانم بڵێم لە مێژووی سیاسیی من و کاک قوباد دا ئەوە ناخۆشترین و قوڕسترین بڕیار بووە، ئەوەی کە مایەی خۆشحاڵییە هەڵوێست و تێگەیشتن و خۆڕاگری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، چونکە ئێمە ئەوکات بەڵێنمان دابوو، کە هەرکاتێک بتوانین و، بارودۆخیی دارایی هەرێم گونجاوبێت بۆ ئەوەی پاشەکەوتی مووچە هەڵبگرین ئەوا سیستەمی پاشەکەوت هەڵدەگرین و ئەمڕۆش ئەو رۆژەیە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بە دوو هۆکارەوە هەبوو، یەکەمیان پەیوەندی بە بڕینی بوودجەوە ھەبووە لە بەغداوە، دووەم ھۆکاریش شەڕی داعش بوو کە هەزار و ١٠٠ کیلۆمەتر سنووری ھەرێمی کوردستان بەرەی شەڕ بووە لەگەڵ دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی لە جیھاندا، سەرەڕای لەخۆگرتنی سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەر".
پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی دروستبوونی قەیرانی دارایی و لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٦ لە ھەرێمی کوردستان راگەیاندرابوو.
دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی، گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی گەیشتە ئەنجام و پرسی ناردنی بوودجەی ھەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ناکۆکی دوو لایەنی لێکەوتبووە، یەکلایی کرایەوە.