Mazın Asad
04 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2016
برۆکسل
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، دەرکەتووە کە بەلجیکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نیگەرانی جددی لە مافەکانی مرۆڤ دروستکردووە بەوەی کە لە ھەندێک لە ئۆپەراسیۆنەکاندا پۆلیس بە بەکارھێنانی ھێزی بێ شومار و لێدانەوە، ئەرکەکەی بە خراپی بەکار ھێناوە".
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە لایەن بەلجیکاوە راپۆرتێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند پەیرەوییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە دوای ھێرشەکانی ٢٢ی ئادار لەو وڵاتەدا مایەی نیگەرانییە.
لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا کراوە کە دوای ھیرشە تیرۆریستییەکەی برۆکسل لە ٢٢ی ئادار، گۆڕانکارییەکی زۆر لە یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەو وڵاتە کراوە و ١٨٠٠ سەربازیش لە کۆڵان و شەقامەکان جێگیر کراون.
ھاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە ھێزەکانی پۆلیسی بەلجیکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکان دوای ھێرشە تیرۆریستییەکە، ٤٣ کەسیان وەک تاوانبار دەستگیرکردووە و رێکاری یاساییش دەربارەی ٧٢ کەس درێژەی ھەیە و ھاتووە "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، دەرکەتووە کە بەلجیکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نیگەرانی جددی لە مافەکانی مرۆڤ دروستکردووە بەوەی کە لە ھەندێک لە ئۆپەراسیۆنەکاندا پۆلیس بە بەکارھێنانی ھێزی بێ شومار و لێدانەوە، ئەرکەکەی بە خراپی بەکار ھێناوە".
-شەش یاسا ھەڕەشەیە بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا روونیش کراوەتەوە کە بە لایەنی کەمەوە شەش یاسای حکوومەتی بەلجیکا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ھەڕەشە لەسەر مافەکانی مرۆڤ دروستکردووە و بەشێوەیەکی نائاسایی گەشتی خەلک لە بەلجیکا سنووردار کراوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاشکراش کراوە کە بە بێ ھیچ کۆنترۆڵێکی دادگا، لە بەلجیکا بۆ ماوەی شەش مانگ دەستبەسەر ھەموو جۆرە پاسپۆرت و ناسنامەیەک دەگیرێت و راشگەیەندراوە کە کۆمپانیاکانی پەیوەندیی، زانیاریی بەشداربووان لەگەڵ حکوومەت ئاڵوگۆڕ دەکات کە بەھۆیەوە نیگەرانی جددی دروستکردووە.