Zana Natık Kerem
17 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2016
نەینەوا ــ AA
لە میانی پێشرەوییەكانیان لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ، هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر تا ئێستا هەشت گوندی سەربە قەزای حەمدانییەیان لە تیرۆریستانی داعش پاككردوەتەوە و بەتەواوەتی كۆنترۆڵیان كردووەتەوە.
لەمبارەیەوە ئەفسەر لە هێزەكانی پێشمەرگەـ رائید مستەفا سەرهەنگ لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە بە پشتیوانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هێرشێكی بەرفراوانیان كردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە دەورووبەری شاری مووسل.
سەرهەنگ هەروەها گوتی: "لە میانی ئەو هێرشانە گوندەكانی، باسەخڕە ، تەرجەلە ، بازگردان ، شێخ ئەمیر، بەدەنەی گەورە و بەدەنەی بچووك، كەبەرلی و شاقۆڵی كە لە میحوەری خازر سەربە قەزای حەمەدانییەن لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە كۆنترۆڵكراونەتەوە و ژمارەیەك تیرۆریستی داعشیش كوژراون".
ئەفسەرەكە باسی لەوەیش كرد، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ لە میحوەری خازر لە رۆژهەڵاتی شارەکە بەپێی ئەو پلانە كە فەرماندە سەربازییەكان دایان رشتووە، سەركەوتووانە بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی كە لە ئاسمانەوە پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن گورزی كوشندەیان لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەكانی میحوەری خازر وەشاندووە.
رائید سەرهەنگ ئاماژەی بەوەیش كرد، بەرگری چەکدارانی داعش لەبەرامبەر پێشڕەویی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكانی میحوەری خازر، لاواز بووە توانای بەرگری کردنیان نەماوە و بەردەوام لە تێكشكاندن دایە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە فەرماندەی گشتی هیزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵی راگەیاند، كە هێزەكانی عێراق لە باشوور و پێشمەرگە لە رۆژهەڵات و باكووری مووسڵ بە پشتیوانی ئاسمانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەشداری تێدا دەكەن.