گرنگی ژئۆپۆلیتیکی تورکیا کە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە ئەرووپا دەبەستێتەوە و توانیویەتی پێگەی خۆی لەو ناوچەیە بەهێزتر بکات و بیێتە ئەندامی ھاوپەیمانیەتی ناتۆ.
تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا لەسەر بنەمای بەرقەرارکردنی دۆستایەتی و ئاشتەوایی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ھەوڵدەدات ژیانێکی ئاسوودەتر و ئاسایشی زیاتر بۆ گەلانی ناوچەکە دابین بکات.
بەشێکی زۆری چاودێرانی سیاسی و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان پێیان وایە کە هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ئاکپارتی، ئەو وڵاتە بایەخی زۆری بە پەیوەندی سیاسی و بازرگانی هەرێمی کوردستانداوە.
لە چاوپێکەوتنێکیاندا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو شارەزایان و رۆژنامونووسان روانگەکانی خۆیان لەسەر ئەو پەیوەندییانە خستە ڕوو.
سەرۆکی ئینستیتیوتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر دلاوەر عەلائەدین سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان گوتی: "پەیوەندی نێوان و ھەرێم و تورکیا لەم دە ساڵەی رابردوو گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە خەریکە قوڵاییەکەی دەگاتە ئاستێکی ستراتیژی و قەیرانەکانی ئەم دواییەش نەیانتوانی ئەم پەیوەندییە ئاوەژوو بکەن، بەڵام ئەو پەیوەندییەش پێویستی بە ئاگاداری ھەردوولا ھەیە بۆ بەردەوامی و قووڵکردنەوەی ئەزموونەکە، بێگومان لە دۆخی جیاوازدا گرژی بە خۆیەوە بینیوە و بەڵام لە بەرژەوەندی ھەردوولا بووە کە پتەوی بکەن و بەردەوامی پێ بدەن".
لە دیدی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران تورکیا تاکە دەروازەی کراوەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و برەودان بە مامەڵە بازرگانییەکان.
بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانی زاگرۆس ئازا حسیب قەرەداغی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە ھۆی واقعبینی سەرکردایەتی کورد و ئاکپارتی، ھەم وەکو حزب و ھەم وەکو دەوڵەتی تورکیا و ئەو دەرگا بازرگانی و سەرمایەگوزارییەی نێوان ھەردوولا کرایەوە و پاشانیش دۆسیەی نەوت ھاتە ئاراوە و ئەم پەیوەندییەش پتەوتر بوو، پێم وایە ئەمە قابیلی پاشگەز بوونەوەش نییە چونکە بووەتە بنەمایەک بۆ سیاسەتی ھەردوولا".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا ئازا حسیب قەرەداغی گوتی: "پەیوەندییەکانمان بە جۆرێک چووەتە پێش کە قابیلی پاشگەزبوونەوە نییە و چەندە کێشەی کورد لە تورکیا بە ئاشتییانە و دیموکراسی چارەسەر بکرێت و حکوومەتی تورکیا دەرفەتەکانی ئەم چارەسەرکردنە مسۆگەرتر بکات ئەوا بێگومان ناوچەیەکی ئارام و ئاشتەوایی لە نێوانمان دروست دەبێت کە خزمەت بە ھەردوولامان دەکات، بۆیە ئەمانە کاری پێکەوە گرێدراون لە پرسی سیاسی و بازرگانی و ئابووری ھەروەھا چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشتیانە".
لە ڕوانگەی بازرگانان وڵاتی تورکیا توانیوویەتی کێبڕکێ لەگەڵ دەوڵەتانی جیھانیدا بکات لە بازاری هەرێمی کوردستان، بازرگان محمد علی عوزێری کە هاوکات خوێندکاری دکتۆرایە لە بەشی بازرگانی زانکۆی لێفکۆشا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "بێگومان تورکیا خاوەنی ئابوورییەکی گەورەی ناوچەکەیە و ئەمەش لە سایەی سەری دەسەلاتدارانی ئێستای تورکیا، چونکە حکوومەتی ئێستا ئەنقەرە تورکیای لە ئابووریێکی قەرزدارەوە کردە ئابوورییەکی سەرکەوتوو کە کێبڕکێ لەگەڵ ھەموو جیھان دەکات، کەواتا ھەمو وڵاتانی دراوسێی تورکیا دەیانەوێت پەیوەندییەکی بەھێز لەگەڵی دروست بکەن نەک تەنیا ھەرێمی کوردستان. ھەرێمی کوردستان و تورکیا تەواوکەری یەکترن و پەیوەندییەکی چاک ھەیە ودەبێ بەردەوام بێت بۆ ئەوەی رەورەوەی ھێزی ئابووری ھەردوو ولات بەرەو پێش بچن".
ھەر سەبارەت بەم پرسە بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر سیروان ناشاد گوتی: "ئەگەر ئێمە خوێندنەوەمان ھەبێت بۆ تورکیا وەکو شوێن و دەوڵەت و ستراتیژەوە، دەبینین نە ئێمە و نە کۆی وڵاتانی دونیا ناتوانن خۆیان بێبەری بکەن لەم پەیوەندییە یان بە دیوێکی تر ئێمە نابێ ئەو راستییە لەیاد بکەین کە دو وڵات ھەیە لە ناوچەکەدا تورکیا و ئیسرائیل، ئەم دو وڵاتە دوو نموونەی دونیای دیموکراسین کە نابێ حاشا لە بوونی کێشەی فەلەستین و کێشەی کوردی لێ بکەین، لە رووی مێژووییەوە دوێنێ تورکیا حوکمڕانی تەواوی دونیای دەکرد دەستی دەگەیشتە ئەفریقا و ئەورووپا و کۆمەڵێک وڵات و کە ئێستاش خۆی بە نوێنەری سوننەی ھەموو دونیا دەزانێ، ئێمە وەکو کورد ناتوانین کەمتر لە ئەمریکا سەیری تورکیا بکەین، بۆیە ھەمیشە دەبێ ئێمە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و ساخلەممان لەگەڵ تورکیادا ھەبێت جا ئەم پەیوەندییە سیاسی یان ئابووری یان کولتووری بێت چونکە تورکیا ئەو وڵاتەیە کە ئێمە دەبەستێتەوە بە ئەورووپا، ئێمە دەبێ ئەوە بزانین لە کۆی چوار دراوسێ تەنیا تورکیا دەروازەی بۆ ئێمە کردووەتەوە بۆ پێشکەوتنی سیاسی و ئابووری، نابێ ئەوەشمان لەیاد بچێ کە تورکیا رۆڵی ھەبووە لە بنیادنانەوەی کوردستان و بەتایبەت ئێستا کە لە رێگای تورکیا نەوت ھەناردەی دەرەوە دەکرێت و ئەم پەیوەندییەش لەسەر حیسابی ھیچ کەس و ھێز و لایەنێک نەبووە و پەیوەندییەکی تەندروست بووە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیادا".
چاودێری سیاسی شارەزا لە کاروباری تورکیا حسن ئەحمەد مستەفاش پێی وایە تورکیا و هەرێمی کوردستان لە قۆناغی لێکتێگەیشتینی درووست دایە و لە رووی ئابوورییەوە پێی وایە تورکیا ئەرکی بەبازارکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە ئەستۆ گرتووە و ئەوەش نیشان دەدات کە پەیوەندییەکانی هەرێم و تارکیا لە ب ەرژەوەندی نێوان هەردوولایەنە و لەو بارەیەوە گوتی: "رۆڵی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان رۆڵێکی ستراتیژییە بە ھۆی ئەوەی کە فاکتەری سیاسی و ئابووری و جوگرافی رۆڵێکی گەورەی ھەیە لە پەیوەندیی نێوانمان، حکوومەتی تورکیا و حکوومەتی ھەرێم زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆمەتر سنووری ھاوبەشمان ھەیە و ھاوولاتییانی ھەردوو سنوور کوردن کە ئەمەش فاکتەرێکی دیکەیە، پەیوەندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا گەلێک قۆناغی سەختی بڕیوە بەڵام ئێستا ئێمە لە قۆناغی لێتتێگەیشتنێکی دروستداین و تورکیا ھەتا ئێستا جدییە لە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئەمبار و پرۆسەی بەبازاڕکردنی نەوت، بۆیە بەرژەوەندی ئابووری لە نێوانمان دروست بووە، ئەگەر سەیر بکەین دوای ساڵی ٢٠٠٢ کاتێک ئاکپارتی دەسەڵات دەگرێتە دەست و لە ئەنجامی ئەم خۆشگوزەرانییە چینێک پێدەگات بەناوی میدڵ کڵاس کە تێدەگات رۆژانە پێویستی بە پەروەردە و تەندروستی ھەیە و پێویستە سەرمایەکی ئابووری بۆ دابین بکرێ وھەموومان دەزانین کە سەرمایەی سەوز لە ھەمو وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سعوودیە و قەتەر و ھەرێمی کوردستانیش دەرژایە ناو تورکیا بۆیە ھەرێمی کوردستان رۆڵێـکی بنچینەیی ھەیە لە رازیکردنی میدڵ کلاسی تورکیا و پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا وەک ساڵانی رابردوو نیە کە مەسەلەی ئەمنی و سیاسی و ئابووری تێکەڵ بەیەکتر کرابێ، بەڵکو ئێستا لەیەکتر جیاکراوەتەوە و ئێستا تورکیا مەسەلەی پەکەکە تێکەڵ بە مەسەلەی ئابووری ناکات کە ئەمە خاڵێکی دڵخۆشکەرە".
سەرنووسەری هەفتەنامەی باس بەرھەم عەلی سەبارەت بەم بابەتە گوتی: "بە دڵنیاییەوە رۆڵی تورکیا وەک دراوسێ رۆڵێکی کاریگەرە لە رووی سیاسی و ئابووری و بارزگانی و کۆمەڵایەتی و کولتورییەوەش، بە تایبەت لە رووی سیاسی و ئابووریەوە دوای ھاتنی ئاکپارتی و ئەم پەیوەندییانە زۆر ھەنگاوی باشتری بڕی و لە پەیوەندی ئاساییەوە بووە پەیوەندیێکی بەھێز کە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە".
دواهەڵبژاردن لە تورکیا و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە پرسی دوا ھەڵبژاردن لە تورکیا و کاریگەریی لەسەر ھەرێمی کوردستان، پرۆفیسۆر دکتۆر دلاوەر گوتی: "بەردەوامبوونی ئاکپارتی لە دەسەڵات و بردنەوەی لە ھەڵبژاردنەکان بەم جۆرەی بتوانێ بەتەنیا حکوومەت پێکبھێنێ، ئەمە بووە ھۆکارێک بۆ بەردەوامبوونی ئەو پەیوەندییەی کە پێشتر ھەبووە بە مانایەکی تر حزبەکان و سەرکرەکانی ھەرێم بتوانن پێشبینی لە ئایندەی رەوت وسیاسەتی حکوومەتی تورکیا بکەن چونکە ھەمان ئەو حزبەیە بە ھەمان ئەو فەلسەفەی جاران کە ئەمە کاری ھەرێمی کوردستانی ئاسان کردووە، بەدیوێکی تر، ھەرێمی ئێمە رێژەیەکی نەگۆڕی تێدایە ئەویش ئەوەیە ئەو ھاوپەیمانییەتیەی کە ھەیە یان ئەو حزبانەی کە بوونیان ھەیە و تێڕوانینیان بۆ تورکیا و ئەو ھەوڵانەی کە دراوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان چاک بکەن ئەوا ھەر وەکو خۆی ماوەتەوە، بۆیە دەکرێت بڵێین ھەڵبژاردنەوەی ئاکپارتی بۆ حوکمڕانی، بەردەوامیەتی بەم پەیوەندییە چاکە دەدات کە لە نێوانیان دروست بووە و وادەکات کە ئاستی لێکتێگەیشتن لە ئاستێکی بەرزدابێت بە جۆرێک ئەو گرژیانەی ئێستا لە ئاراداھەیە بتوانن چارەسەری بکەن جا ئەو گۆڕانکارییانەی ناوەوەی تورکیا یان سووریا یان ھەرێم بێت چونکە ھەمووی قابیلی گفتوگۆکردنە بە راستەوخۆیی چونکە پردی متمانە لە نێوانیان دروست بووە".
سەبارەت بەم پرسە ئازا حەسیب قەرەداغی پێی وایە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی گەڕی یەکەم دەبوایە وا لە هەدەپە بکات کە رێگەی بەشداری سیاسی هەڵبژێرێت بەڵام بە بۆچوونی ئەو رۆژنامەنووسە پەکەکە وای کرد کە هەدەپە تێکەڵ بە هێچ هاوپەیمانێتییەک نەبێ بۆ پێکهێنانی حکوومەت و زیانی گەیاندە ئەو حزبە و ئەنجامەکانی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان بەدیار کەوت. ئەو لەو بارەیەوە گوتی: "لە گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان لە تورکیا کە ھەدەپە ئەم رێژە زۆرە کورسییەی ھێنا، بۆچوونی ئێمە و چاودێران و سەرکردایەتی سیاسیش ئەوەبوو کە ھانی ھەدەپەمان دەدا کە لەگەڵ ئاکپارتی حکوومەتێکی ھاوبەش پێکبھێنن و فورسەتێکە ھاتووەتە پێش و بەشداریکردنی کورد بە شێوەیەکی فیعلی لەناو دەسەڵات و بڕیاری سیاسی تورکیادا، بەڵام بەداخەوە کار و کردەوە و ھەڵوێستەکانی پەکەکە وایکرد ئەم زیانە گەورەیان پێبگات و لە گەڕی دووەمدا دەنگەکان و کورسییەکانیشیان دابەزێت، ئێستا ئاکپارتی دەتوانێ بەتەنیا حکوومەت پێکبھێنێت کە ئەمەش ئەو زیانەیە کە پەکەکە دایدەنێت و ئەگەرنا بۆ ئێمە باوەڕ ناکەم ھیچ کاریگەرییان ھەبێت چونکە ئیرادەی سیاسی لە ھەرێمی لە کوردستان، بەدەست ھەرێمی کوردستانە و پەکەکە ناتوانێ ھیچ کاریگەرییەکی نەرێنی ھەبێت، پەکەکە ئەگەر کاریگەرییەک دابنێ ئەوا لەسەر کێشەی کورد لە تورکیا دایدەنێ کە ئێمە نە حەزی لێدەکەین و نە پێی دڵخۆشین".
لە دیدی بازرگان محمد علی عوزیری، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە لەسەر رەوتی سیاسی و پەیوەندییە بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان کاریگەریی باشیان دەبێ و لەو بارەیەوە روونی کردەوە کە: "بێگومان ئەو حکومڕانیەی ئێستا لە تورکیادا ھەیە بە سەرۆکایەتی بەرێز ئەردۆغان ئەوا پێویستە بمینێت و بە مانەوەی ئەردۆغان و حزبەکەی کە چەندین کاری باشیان کردووە بۆ تورکیا و ھەرێمی کوردستانیش لێی سوودمەند بووە".
لەسەر ئەم تەوەرە سیروان ناشاد گوتی: "ئێمە ھەمیشە دۆزێکی ئارام و سەقامگیرمان لە دراوسێکانمان دەوێت، چونکە لەم دۆخە ئارامەدا دەتوانین گەشەبکەین بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر سەقامگیرییە نەبوو ئەوا کاریگەریی خراپی لەھەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری، بۆیە دەرچوونەوەی ئاکپارتی گرەوێک بوو خەڵک دەیگوت ئیتر حزبی داد و گەشەپێدان و حیزبە ئیسلامییەکان نەماون و کۆمەڵێک گرەو دەکرا کە دواجار گرەوەکە پێچەوانەی ھەموو ئەوانە دەرچوو، ئەوە بوو ئاکپارتی جارێکی دیکە دەنگی زۆرینەی بەدەستھێنا و دەتوانێ تاکلایەنە حکوومەت پێکبھێنی، ئەمە بە بۆچوونی من کارێکی زۆر باش بوو، چونکە لەم قۆناغەدا ئەگەر یەک لایەن دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەوا ئاسایش زیاتر دەبێت و ئێمەش بۆ گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی پێویستمان بە ھەندێک دۆست ھەیە و ئەم دەرچوونەی ئاکپارتی شتێکی زۆر باش بوو، لەبەر ئەوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە ھەرێمی کوردستان ناوەستێ و بەتایبەت پرۆسەی ھەناردەکردنی نەوت، ئەو پەیوەندییەمان لەگەڵ ئاکپارتی کە پەیوەندیێکی مێژوویی ھەیە زیاتر برەوی پێدەدرێت و ئەم سەقامگیرییە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ھەولێریش دەبێت".
هاوشێوەی بۆچوونەکانی سەرنووسەری ئاژانسی پەیامنێر سیروان ناشاد، حەسەن ئەحمەد مستەفاش پێی وایە ئەگەر ئاسایش لە تورکیا تێکبچێت ئەوا ئاسایشی رۆژھەلاتی ناوەڕاست تێکدەچێت. ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت: "ھەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر جێگای سەرنجە چونکە ئێمە دەمانەوێت ئاسایش لە تورکیا ھەبێت چونکە ئاسایشی تورکیا ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە، ئەگەر ئاسایشی تورکیا تێکبچێت ئەوا ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تێکدەچێت، ئێستا ئاسایشی زۆربەی وڵاتان تێکچووە بەڵام لەبەر ئەوەی تورکیا ئاسایشی جێگیرە بۆیە ھەست دەکەین ئاسایش ھەیە و ئەو ئەنجامی ھەڵبژاردنەی تورکیا ئەگەرچی بە دڵی ھەندێک لایەن نەبوو بەڵام جێگیرییەکی سیاسی بەدوای خۆیدا دەھێنی و ئومێدەوارین کە ھەنگاوی باش بنێن بۆ پرۆسەی چارەسەر".
لە روانگەی رۆژنامەنووسانەوە پێیان وایە دوای سەرکەوتنی ئاکپارتی، پەیوەندییەکانی تورکیا و ھەرێمی کوردستان بەرەو بەھێزبوونەوە چوو، بەرھەم عەلی گوتی: "پەیوەندی ئێمە لە دوای دروستبوونی ئاکپارتی بەرەو باشی چوو، ئەمجارەشیان دەرچوونەوەی ئاکپارتی لەم ھەڵبژاردنە و گرتنە دەستی دەسەڵات و بێگومان ئەمە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەنجامێکی باش بووتا گەیشتە ئەوەی گرێبەستی ٥٠ ساڵە لە نیوان ھەرێمی کوردستان و تورکیادا ھەبێت و ئێستا لە رێگای تورکیا نەوت ھەناردە دەکرێ و پرۆژەی گەورەش جێبەجێ دەکرێت و تا ئێستا عێراق پێی خۆش نیە بابەتی بەرھەمھێنان و کارگەی پیشەسازی بێتە ھەرێمی کوردستان تەنانەت لەگەڵ ئێرانیش ئەم کێشەیەمان ھەیە بەڵام لە رێگای تورکیا زۆر بە ئاسانی دەتوانین پەرە بەم بوارە بدەین و پێویستیمان بەو ئاوەدانکردنەوەیە ھەیە".
شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە و کاریگەرییەکانی
سەبارەت بە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە تا چەند کاریگەریی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەبێت، پرۆفسۆر دکتۆر دلاوەر عەلائەدین گوتی: "بێگومان ھەرچی لەناوەوەی تورکیا رووبدات کاریگەریی لەسەر رەوتی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی ھەیە کە ئێمە ئێستا زیاتر لە جاران پێیوە بەستراوینەتەوە و قوڵایی لایەنی بزووتنەوەی کوردی یان لایەنی پەیوەندییەکانی نەتەوەیی، ھەر سیاسەتێک کە تورکیا دەیگرێتە بەر سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی سەبارەت بە کورد یان پەکەکە ئەوا کاریگەریی دەبێت لەسەر رەوتی ھەرێمی کوردستان، بۆ نموونە لەگەڵ سەرھەڵدانی شەڕی پەکەکە لەگەڵ تورکیا ئەوا لە ھەرێمی کوردستان جۆرە جەمسەرگیرییەک یان کەشێکی ناتەندروست لە ھەرێم دروست بوو بەھۆی ئەوەی کە بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم شەڕە ھەبوو چونکە پەکەکە لەناو باشووری کوردستان بوونی ھەیە و لەکاتی ئەم شەڕەش شڵەژانێک دروست دەبێت لەناوەوەی ھەرێم سەرباری ئەوەی کە تورکیا و پەکەکە و ھەرێم لەناو سووریادا رۆڵیان ھەیە، بۆیە کەس وا ھەست نەکات کە لە دوورگەیەکی تەریککراودا دەژیت و رووداوەکانی ناو تورکیا کاری تێناکات بەڵکو رووداوەکانی ناو ھەرێمیش کاریگەریان ھەیە لەسەر رەوتی رووداوەکانی ناوەوەی تورکیا".
رۆژنامەنووس ئازا حسیب قەرەداغی گوتی: "شەڕ سوودی بۆ ھیچ لایەک نیە و کاولکاری بەدواوەیە و بەڵام بە دڵنیاییەوە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە کاریگەریێکی ئەوتۆی بۆ سەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ھەرێمی کوردستان نابێت"
لەو بارەیەوە محمد علی عوزیری دەلێت: "من وای نابینم کە شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا کاریگەری بۆ سەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ھەرێمی کوردستان ھەبێت چونکە ئەوە سی ساڵە بەردەوامە و پەکەکەش ناتوانێ بەم شێوەیە مافەکانی بەدەست بھێنێت و پەیامی من بۆ ھەردوولا ئەوەیە، کۆتایی ھەموو شەڕێک ئاشتییە و دەبێ بە ئاشتییانە دەستپێبکەن".
بەڕێوەبەری ئاژانسی پەیامنێر پێی وایە پرۆسەی ئاشتی ئیرادەیەکی بەھێزی ئاکپارتی تێدایە و لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەی سیروان ناشاد گوتی: "تورکیا کێشەیەکی تێدایە بە ناوی کێشەی کورد و تورکیا وڵاتێکی دیموکراسییە بەدەر لە کێشەی کورد، شەڕ ھیچ ئاکامێکی نیە بەتایبەت شەڕ لەگەڵ وڵاتێک کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سیاسی ھەیە و چاوی ھەموو دونیا لەسەریەتی و نابێ ئەوەشمان لەیاد بچێت کە تورکیا ئەندامی ھاوپەیمانییەتی ناتۆیە، کاتێک پەکەکە لەوێ شەڕدەکات بێگومان بە قازانجی ھیچ کامێکیان نیە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم سیاسەتە ھەڵەیەی کە پەکەکە دوێنێ و ئەمڕۆش پیادەی دەکات بە تایبەت ئەوانەشی کە نزیکن لە پەکەکە وەکو پەیەدە و یەپەژە و کۆی ئەو گرووپ و ھێزە سەربازییانەی کە نزیکن لە پەکەکە، لە ھەڵبژاردنی رابردوو ھەدەپە رێژەیەکی باشی ھێنا لە بری ئەوەی بچێتە پەرلەمان و بەرگری لە مافەکانی کورد بکات و بە پێچەوانەوە ھاوسەرۆکی ھەدەپە گوتی ئێمە بەشداری حکوومەت ناکەین، لەکاتێکدا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئەگەر ئیرادەیەکی ئاکپارتی تێدانەبێ ئەوا دروست نابێت".
ھەر سەبارەت بە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، ئەو شارەزایەی کاروباری تورکیا پێی وایە ھەوڵی جدی ھەیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان و دانیشتنیان لەسەر مێزی گفتوگۆ. حسن ئەحمەد مستەفا بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی تر پێی وایە کە شەڕی پەکەکە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و لەو بارەیەوە گوتی: "گرفتی پەکەکە ھەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە و بەڕێز سەرۆکی حکوومەتیش دووپاتی کردووەتەوە کە ئەوان ھاوکاری دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر ھەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بگەنە چارەسەر، ھەرێمی کوردستان دوودڵ نییە لە ھاوکاریکردنی لایەنەکان و بەبێ ئەوە دەست بخاتە نێو کاروباریان. بە بۆچوونی ئێمە لە ئایندەیەکی نزیکدا تورکیا دەبێتە بەشێکی کاریگەر لە پرۆسەی بەگژداچوونەوەی تیرۆر و لەسەر ئەم بنەمایە ھێشتا پەیوەندییەکانمان بەھێزتر دەبێت".
بەڕای رۆژنامەنووسان ھەدەپە باجی ئەو غروریەتە دەداتەوە کە لە ھەڵبژاردنی پێشووتر بەدەستی ھێنا، بەرھەم عەلی گوتی: "ھەرێمی کوردستان و تورکیا باش دەزانن کە شەڕ لەبەژەوەندی کەسدا نییە جگە لە خوێنڕشتن، باشترین شت کە پێویستە بیکەن ئەوەیە دەست بکەن بە گفتوگۆکردن و لێکتێگەیشتن، من پێم وابوو لە ھەڵبژاردنی پێشوو کە ھەدەپە ٨٠ کورسی بەدەستھێنا دەبوو بەشداری حکومەتی بکردایە و لە کاتێکا توانی ١٠%ی دەنگەکان تێپەڕێنێت و لە ئێستاشدا دەبێ ئاکپارتیش دەستکراوەتر بێت بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی کورد و خودی کەمکردنەوەی دەنگەکانی ھەدەپە ئەوە دەگەیەنێت کە خەڵک کەمتر لەگەڵ شەڕدایە و سوود لەم دیموکراسییە وەردەگرێت کە لە تورکیادا ھەیە، بۆیە شەڕ زیانی بۆ ھەموو لایەک ھەیە بە تایبەت بۆ ھەرێمی کوردستانیش کە زۆربەی گوند و دێھاتەکانی سەر سنوورەکان بە ھۆی ھەبوونی پەکەکە لەم ناوچەیە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە".
شنگال و مانەوەی پەکەکە
سەبارەت بە ىوونی پەکەکە لە شنگال، بەبڕوای ئازا حسیب قەرەداغی خۆسەپاندنی ھەر ھێز و لایەنێک لەم ناوچەیە رەتدەکرێتەوە و ھەر لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیاندا گوتی: "من پێم وایە دروست ئەوەیە کە ھاوکاری و پشتیوانی لە نێوان ھێزە کوردییەکاندا ھەبێت بەڵام خۆسەپاندن و خۆبەخاوەن ماڵزانین رەتدەکرێتەوە، کاتێک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان چوون بۆ کۆبانێ و دوای ئەوەی ئەرکەکەیان تەواو بوو گەڕانەوە بەبێ ئەوەی ھیچ خۆسەپاندنێک ھەبێت، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان کە ھەرکاتێک پێویستیان بە ھێزی پێشمەرگە ھەبوو ئەوا دەینێرن و بەڵام دوای تەواوبوونی دەبێ بگەڕێنەوە، کێشەی پەکەکە لەوەدایە بەناوی پشتیوانی دێت و دواییش دەیەوێت ببێتە حاکم و بەڵام ئەمە لەلایەن ئێمەوە رەتکرایەوە، ئێمە سوپاسی پەکەکە دەکەین لە ھەر شوێنێک ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە بکات و دەستخۆشی لێدەکەین بەڵام خۆی بکاتە خاوەن ماڵ و خۆی بسەپێنێ و بمێنێتەوە، ئەمە نەک بۆ پەکەکە بەڵکو بۆ ھیچ ھێزێکی تر نەچووەتەسەر و پەکەکەش لە شنگال نییە و ناشمێنێتەوە و کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیادا نیە".
سیروان ناشاد پێی وایە پەکەکە سوود لە دوو خاڵ دەبینێ کە دەبێتە ھۆی مانەوەی لە شنگال کە ئەمەش بە گەورەترین مەترسی دەبینێ، لە چاوپێکەوتنەکەیدا گوتی: "شنگال لە چوارچێوەی عێراقە و لە سنووری ماددەی ١٤٠ کە پێی دەگوترێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، ھەموو ئەو ھێزانەی کە لەم ناوچەیەدا ماونەتەوە، پەکەکە و ئەوانەی نزیکن لە پەکەکە لێدوانێکیان داوە و دەڵێن داوای بە پارێزگاکردنی شنگال دەکەین، لە کاتێکدا ئەوان لە ھیچ ناوەندێکی بڕیاردان نین و بە ھیچ شێوەیەک شنگال مەیدانی پەکەکە نیە و ئەوان سوودیان لە دوو خاڵ بینیووە، یەکەمیان: دەزانن ئەم ناوچەیە لە ژێر دەستی ھێزی پێشمەرگەیە و تەواوی دونیا پارێزگاری لێ دەکات و دووەم: دەزانن کە بارزانی شەڕی کورد بە کوردی حەڕام کردووە و ئێمە شەڕی حزبەکانی تر ناکەین. بۆیە دەبێ پەکەکە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و ھەر ئەم سیاسەتە ھەڵانەیە کە وادەکات ٣٠ کورسی پەرلەمان لەدەست بدەن بە ھۆی کوشتنی دوو پۆلیس، بۆیە ئەگەر پێیان وایە شەڕی سارد گەڕاوەتەوە و یان ئەجێندای وڵاتێکی تر لە باشوور جێبەجێ دەکەن، ئەمە گەورەترین مەترسییە بەسەر خۆیانیدا دەھێنن".
بە بۆچوونەی حەسەن ئەحمەد مستەفا مانەوە پەکەکە لە شنگال جێگای رەزامەندی ئەمەریکاش نییە، حسن ئەحمەد مستەفا سەبارەت بەو پرسە گوتی: "بوونی پەکەکە لە شنگال نەک جێگای رەزامەندی تورکیا نییە بەڵکو جێگای رەزامەندی ھێزە نێودەوڵەتییەکانیش نییە ھەروەھا جێگای رەزامەندی ئەمریکا و خودی خەڵکی شنگالیش نییە، پەکەکە کاتێک ھاتە شنگال کە بەراستی دۆخێکی بریندار ھەبوو، ئێستا قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی شنگالە و بەپێی لێدوانی جەمیل بایک ئەوان نایەنەوێ لە شنگال بمێننەوە بەڵام پێیان وایە ئەگەر ئیستا لە شنگال برۆن جۆرێک لە غروریان دەشکێ بەڵام ئەمە ریالیستی نییە و خزمەت بە یەکێتی لایەنە سیاسییەکان ناکات".
سەرنووسەری رۆژنامەی باس-یش پێی وایە کە بوونی پەکەکە لە دەرەوەی لۆژیکە و ھەر سەبارەت بەم پرسە بەرھەم عەلی گوتی: "مانەوەی پەکەکە لە شنگال لە دەرەوەی لۆژیکە و چونکە ئەم شەڕە بە ھەماھەنگی ھێزی پێشمەرگە و ھێزی ھاوپەیمانان کراوە و پەکەکە لە دەرەوەی ھێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە و بۆیە چاکتر وایە پەکەکە و ئەو ھێزانەی کە دەیانەوەێ لە شنگال بمێننەوە بڕۆنە سنووەکانی رۆژئاوا و ڕووبەڕووی گرووپی تیرۆرستی داعش ببنەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact

