Senger Hamad Azeez / Yusuf aydın Deniz
01 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2015
هەر لەكاتی هەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆیی سووریاوە لەساڵی ٢٠١١، ئێران پشتیوانی رژێمی بەشار ئەسەد دەكات و هێزەكانی خۆی ناردووە تاكو شانبەشانی هێزەكانی بەشار دژی ئۆپۆزسیۆن بجەنگن. بەهۆی پێكدادانەكانیش تاكو ئێستا ئێران نۆ ئەفسەری بە پلەی جەنەراڵ لە سووریا لێ كوژراوە.
بەپێی زانیاری میدیاكانی فەرمی و نیمچە فەرمی ئێران كەنزیكن لەسەرچاوەكانی هەواڵ و دەزگاكانی ئەمنی، ژمارەی كوژرانی كەسانی پلە باڵای هێزەكانی ئێران لەجەنگی نێوخۆیی سووریا رووی لەهەڵكشان كردووە.
لەكاتێكدا كە حكوومەتی ئێران لەئاستی فەرمیدا بانگەشەی دەستوەردان لەجەنگی نێوخۆیی سووریادا بەدرۆ دەخاتەوە، لەچاپەمەنییەكانی ئێراندا ئەو كەسانەی لەپێكدادانەكان دەكوژرێن بە "خۆبەخش" و كوژراوانی سوپای پاسدارانیش بە "خانەنشین"، "سەربازی دێرین" یان "راوێژكار" وەسف دەكات.
كوژرانی نزیكەی ٥٠٠ سەربازی ئێرانی لەسووریا لەچەند مانگی رابردوودا تەنها لەرووی ژمارەوە نا، بەڵكو لە رووی پلەی سەربازیشەوە بۆتە جێگەی سەرنج. دوا نموونەش كوژرانی عەمید لە سوپای پاسداران عەبدولڕەزا موجیری-یە لە ٢٨ی تشرینی دووەمی رابردوو.
راگەیەندرا كە فەرماندەی كەتیبەی ١٢٣ی ئیمام حوسەین عەمید عەبدولڕەزا موجیری لەكاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كووژراوە.
هەر لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوودا راگەیەنرا كە عەقید عیززەتوڵڵا سولەیمانی لەگەڵ سەیید سەججاد حوسەینی لە پێكدادانەكانی سووریا كوژراون.
هەر لەمنزیكانەدا فەرماندەی ئێرانی عەقید موسلیم حیزاب كە یەكێكە لەفەرماندەكانی لیوای ئیمام حوسەین هاتە ریزی ئەو ئەفسەرە پلە باڵانەی ئێران كە لە سووریا كوژراون. لەراگەیەنراوێكی سوپای پاسداراندا كە ئاماژەی بە مێژووی كوژرانەكەی نەكردووە، نووسیوویەتی كە عەقید حیزاب لەكاتێكدا خەریكی ئەركی راوێژكاری بووە لەدیمەشق كووژراوە.
بە عەقید موجیرییەوە لەپێكدادانەكانی سووریا تاكو ئێستا نۆ جەنەڕاڵی ئێرانی كوژراون، كە پلە باڵاترینیان جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای قودس لەهێزەكانی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی، حوسەین هەمەدانییە.
لە نۆی تشرینی یەكەمی رابردوودا ئۆرگانەكانی سەربە سوپای پاسداران لەبارەی كوژرانی هەمەدانی لە شاری حەلەب راگەیەنراوێكیان بڵاو كردەوە، تێیدا هاتبوو لە كاتێكدا حوسەین هەمەدانی خەریكی ئەركی راوێژكاری بوو بەسوپای سووریا، لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە كوژرا.
لەدوای كوژرانی هەمەدانی، لەشاری حەما لە ١٣ی تشرینی یەكەمی رابردوو دوو جەنەڕاڵی دیكەی سوپای پاسداران بەناوەكانی حاج حامید موختاربەند كە بە "ئەبو زەهرا" ناسراوە و فەرشاد هاسونیزادە كوژران. واتە ئێران لەماوەی چوار رۆژدا لەسووریا سێ جەنەڕاڵی لەدەستداوە.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی ئێران، لەمانگی شوباتی ٢٠١٣ ەوە تاكو ئێستا ژمارەی كوژراوانی جەنەڕاڵی ئێرانی لەسووریا گەیشتۆتە نۆ كەس. لەبارەی ناوی جەنەڕاڵەكانی دیكەش كە لەدیمەشق، حەلەب و قونەیترە كوژراون سەرچاوەكانی هەواڵی ئێران ناوی ئەو جەنەڕاڵانەیان راگەیاندووە، حەسەن شەریعەتی، محەممەد جەمالیزادە، عەبدوڵڵا ئیسكەندەری، جەببار دەریساڤی و عەلی ئەڵڵاهدادی.
چەكدارانی حیزبوڵڵای لوبنانیش كەلەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، هەر لەساڵی ٢٠١٣ ەوە زۆر بەچالاكانە لەبەرەكانی جەنگ لەسووریا دەجەنگن، ئەوانیش لەو ماوەیەی دواییدا چەكداری گرنگیان لەدەستداوە. كە گرنگترینیان حوسەین ئەلحاج ناسراو بە "ئەبو محەممەد ئیكلیم" كە لە ١٠ی تشرینی یەكەمی رابردوو لەنزیك پێدەشتەكانی سەهل غابی پارێزگای حەما كوژرا. حاج بەوە ناسراو بوو كە كەسی دووەمی سەرۆكی حیزبوڵڵا حەسەن نەسروڵڵایە لەسووریا.
لەهەمان مێژوودا راگەیاندنەكانی نزیكی حزبوڵڵا لەلوبنان بڵاویان كردەوە كە فەرماندەیەكی پلەباڵا بەناوی محەمەد مستەفا لەسووریا كوژراوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەكۆنگرەیەك كە لە زانكۆی شەریف لە تاران رێكخرا بوو گوتی: "لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا گەورەترین باجمان لەسووریا داوە. باشترین هێزەكانمان لەدەستدان. ئەگەر پاڵپشتیی و پشتیوانی راوێژكاریمان نەدابووایە بۆ سوپای سووریا و گەلی سووریا 'رژێم' لەماوەی دوو سێ ساڵدا دەكەوت".
لەلایەكی دیكەشەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە كە قاسم سولەیمانی لەشاری حەلەب بریندار بووە و، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی هێنراوەتەوە تاران، بەڵام سوپای پاسداران لەراگەیەنراوێكدا ئەوەی بە "بەشێك لەشەڕی دەروونی" وەسف كرد.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە ماڵپەڕێكی ئینتەرنێت بەناوی "El Vaght" روونكردنەوەیەكی بچووكی داوە و سولەیمانیش لە وەڵامدا گوتویەتی: "لەپێناو شەهید بوون كێوەكان و چۆڵاییەكانم بڕیوون".
لەدوای بڵابوونەوەی دەنگۆی برینداركردنی سولەیمانی و هێنانەوەی بۆ تاران و دەركەوتنی لەتاران وا هەستدەكرێت ئەو دەنگۆیانە راست بن.