Sarmand Hameed
03 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2019
بەغدا - AA
سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا بە داننانی بە قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل بێلایەنی خۆی لەدەستدا.
مەحمود عەباس کە بە سەردانێکی فەرمی لە بەغدایە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی کۆبووەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکە، لە لێدوانێکدا کە کەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە بڵاوی کردووەتەوە، مەحمود عەباس گوتی: "لەگەڵ سەرۆکوەزیران باسمان لە دوایین پێشهاتەکان لە فەڵەستین کرد و تاوتوێی پێشێلکارییەکانمان کرد کە رووبەڕووی قودس دەبێتەوە".
عەباس روونیکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا بە داننانی بە قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل بێلایەنی خۆی لەدەستدا.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، عێراق بوونی بەهێزی هەیە لە ناوچەکە و ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەڵی فەڵەستین.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق و لە لایەن وەزیری پلاندانانی عێراق، نوری دلێمی و باڵیۆزی عێراق لە ئوردن و فەڵەستین، سفەییە سوهێل و باڵیۆزی فەڵەستین لە بەغدا، ئەحمەد عەقل و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەوە پێشوازی لێکرا.
دوێنێ شەممە، مەحمود عەباس لە ئوردن لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کۆبووەوە.
حەلبوسی کە بە سەرۆکایەتی شاندێکی پەرلەمانی عێراق لە ئوردنە و لە پەراوێزی کۆنگرەی یەکێتی پەرلەمانتارانی عەرەب لەگەڵ مەحمود عەباس کۆبووەوە.