Sarmand Hameed
04 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2018
قاهیرە - AA
شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە میسر کە بەیەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات دادەنرێت لەدوای دەستبەکاربوونی وەک شازادەی جێنشین لە حوزەیرانی رابردوو.
کەناڵی تەلەڤیزیۆنی میسر مەراسیمی گەیشتنی بن سەلمانی بڵاوکردووەتەوە کە بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قاهیرە لە لایەن سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی پێشوازی لێکرا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعوودیە بەیاننامەیەکی دیوانی شاهانەی سعوودیەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە سەردانەکە بە رێنمایی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز و لە وەڵامی داوەتنامەیەکی فەرمی سەرکۆماری میسر ئەنجام دراوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە لەمیانی سەردانەکەیدا، بن سەلمان لەگەڵ سیسی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی میسر کۆدەبێتەوە تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە هاوبەشەکان دەکرێت.
دیوانی شاهانەی سعوودیە ماوەی سەردانەکەی بن سەلمانی بۆ میسر ئاشکرا نەکردووە بەڵام پێشتر میسر رایگەیاندبوو کە سەردانەکەی شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ قاهیرە سێ رۆژ دەخایەنێت.
لەبارەی سەردانەکەی بن سەلمان بۆ قاهیرە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری میسر، بەسام رازی لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەردانی شازادەی جێنشینی سعوودیە زۆر گرنگە لەم قۆناغەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بواری ئابووری تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی بن سەلمان و بەرپرسانی میسر دەبێت.
بەسام رازی ئاشکرایشی کرد کە لەمیانی سەردانەکەی شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ قاهیرە ژمارەیەک رێککەوتننامەی دووقۆڵی لەنێوان بن سەلمان و شاندی یاوەری و بەرپرسانی میسر واژوو دەکرێت.
زاری ئاماژەی بەوەشکرد لەمیانی کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەردوو وڵات تاوتوێی پرسە سیاسییەکان و هەرێمییەکان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت.
ناوبراو باسی لەوەشکرد کە لەمیانی سەردانەکەی بۆ میسر، بن سەلمان سەردانی مەیدانی ئەنجام دەدات.
لەوەتەی دەستبەرکاربوونی عەبدولفەتاح سیسی وەک سەرکۆماری میسر، بن سەلمان چوارجار سەردانی قاهیرەی کردووە کە جارێکیان لە ٢٠١٦ و سێ جاریش لە ٢٠١٥ بووە و لەمیانیدا لەگەڵ بەرپرسانی میسر کۆبووەتەوە.
هەروەها بڕیارە شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لە ٧ی ئادار سەردانی لەندەن بکات و هەروها لەنێوان ١٩-٢٢ی ئادار سەردانی واشنتۆن بکات.