فەرماندەی گشتیى هێزەكانی 70ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دۆخی ئێستای پێشمەرگە و بەرەی شەڕ لەگەڵ داعش، دواین هەوڵ و ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ و بەشداری پێشمەرگە ، مەترسییەكانی دوای داعش لەسەر هەرێمی كوردستان و هەڕەشەكانی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان و چەند پرسێكی تری سەربازی دەكات.
جەعفەر شێخ مستەفا كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، سەرەتا و لە بارەی دۆخی ئێستای پێشمەرگەوە دوا و گوتی: "ئەگەر بەراوردی دۆخی پێشمەرگە و توانای هێزەكانی پێشمەرگە بكەیت لەگەڵ رابردوودا جیاوازییەكی زۆر گەورە هەیە، سەرەتا پێشمەرگە لە بەرگرییەكی سلبی و دوژمنیش لە هێرشدا بوو كە بەوەیش زۆر گورزمان خوارد لەبەر ئەوەی دوژمن هێرشی دەكرد و ئێمەش لە بەرگریدا بووین ، بەڵام دوای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ورد وردە موعادەلەكەیان گۆڕی و دەستیان بە هێرش كرد و دوژمن كەوتە دۆخی بەرگرییەوە، توانراوە بەدەیان هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە لەسەرتاسەری كوردستان ئازاد بكرێت و هەزاران داعشیش بكوژرێت و بەدیل بگیرێن".
ئەو گوتی: "ئێستا دۆخی پێشمەرگە لە هەموو رووەكانەوە باشە، جگە لەوەی لە دۆخی هێرش بردنداین لەو ناوچانەشی كە گرتوومانەتەوە خۆمان قایم دەكەین و هێڵی بەرگری خۆمان بەهێز دەكەین، لەگەڵ ئەوەیشدا هەرچەندە داعشمان لاواز كردووەو دورمان خستوونەتەوە بەڵام ناتوانین بڵێین هەڕەشەمان نەهێشتووە لەسەر هەرێمی كوردستان، بۆیە پلانمان هەیە بەتەواوی هەڕەشەی داعش نەهێڵین و ئاسایش و ئارامی بەتەواوی بگەڕێنینەوە بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و ئاوارەكان بگەڕێنەوە جێگاكانی خۆیان".
ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ئامادەكاری بۆ پرۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ دەكرێت و لەم چەند مانگەی دوایشدا هەوڵەكان چڕتر بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا چۆنێتی بەشداری پێشمەرگە لەو پڕۆسەیەدا مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و بەرپرسانی باڵای عێراقی لێدوانی جۆراوجۆر لەو بارەیەوە دەدەن.
فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە لەو بارەیەوە دوا و گوتی: "مووسڵ وەك مەركەزێكی سەرەكی قیادەی داعشە و هەموو هەوڵ و كردەوەكانیان لەو شارەوەیە، بۆیە تا مووسڵ مابێت هەڕەشەكان لەجێگەی خۆیەتی، ئازادكردنی مووسڵیش پێویستی بە هەماهەنگییەكی تەواو هەیە لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و عێراق و هاوپەیمانان ، بۆ ئەو مەبەستەش ژوورێكی عەمەلیات هەیە لەنێوان هەرسێ لایەن بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوە و دانانی پلان و بەرنامەی بەردەوام بۆ كاتی دەستپێكردنی پڕۆسەكە".
ئەو گوتی: "ئازادكردنی مووسڵ بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و یانی تێشكانی داعش لە ناوچەكە و نەهێشتنی هەڕەشە بەتەواوی، ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە بە دڵنیاییەوە ئامادەكاری خۆمانمان كردووە، پڕۆسەكەش جگە لە دانانی بەرنامە و نەخشەی شەڕەكە پێویستیشی بەوە هەیە رێكکەوتنێكی سیاسی هەبێت لە نێوان هەموو لایەنەكان كەبەشداری شەڕەكە دەكەن كە دوای ئازادكرلادنی شارەكە ئیدارەی مووسڵ و دۆخی شارەكە چۆن دەبرێت بەڕێوە".
شێخ جەعفەر سەبارەت بە بەشداری پێشمەرگە گوتی:"ئەمریكییەكان و هاوپەیمانان بەشداری كردنی پێشمەرگە لە رزگاركردنەوەی مووسڵ بە گرنگ دەزانن و پێیان وایە بەبێ پێشمەرگە ناتوانرێت ئەو پڕۆسەیە ئەنجام بدرێت ، مووسڵ ئێستا لەلایەن پێشمەرگەوە لە سێ لا ( رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باكوور) وە گەمارۆ دراوە و زاڵە بەسەر شارەكەدا بەجۆرێك لە هەندێك شوێن حەوت كیلۆمەتر و لە هەندێك شوێن 10 كیلۆمەتر دوورین، بەڵام هێشتا عێراق زیاتر لە 50 كیلۆمەرتر لە مووسڵەوە دوورە، ئەوەیشی تائێستا گوێمان لە وەزیری بەرگری عێراق بووە بەشداری پێشمەرگە بە پێویست دەزانێت".
وجەعفەر شێخ مستەفا كە پێشتر وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بووە و بەشدارە لە زۆربەی كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان لەبارەی شەڕی داعشەوە ئەوەشی گوت: "تائێستا هیچ رێكکەوتنێكمان لەگەڵ عێراق نییە بۆ پاشەكشەكردنی هێزی پێشمەرگە یان نەچوونە ناوەوە بۆ ناو مووسڵ ، وەك وەزارەتی پێشمەرگە رێكکەوتنێكمان هەیە لەگەڵ پنتاگۆن كە بەپێی ئەو رێكکەوتنە لە ئێستاوە هەر جێگایەك لە ناوچەكانی مووسڵ ئازاد دەكرێت و داعشی لێدەردەكرێت ئەگەر هێزە عێراقییەكان توانیان پارێزێزگاری لێبكەن و ئیدارەی بكەن ئەوكات هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە پاشەكشە بكات، واتە ئەو ناوچە تازانەی كە لەمەودوا ئازاد دەكرێن چونكە ئێستا ناوچەیەكی كوردنشین نەماوە و زۆربەیان ئازاد كراون".
سەبارەت بەوەی كورد چ مەرجێكی هەیە لە بەرامبەر بەشداریكردنی لە پڕۆسەكەدا، شێخ جەعفەر لە وەڵامدا گوتی: "بەشداری ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەكەین بەو مەرجانەی كە شارەكە دوای ئازادكردنی چۆن بەڕێوە ببرێت، چونكە شارەكە عەرەب و توركمان و كورد و شیعەی لێییە و پێویستە هەمووان بەشدار بن لە ئیدارەی شارەكە و پارێزراو بن".
ئەو ئاماژەی بەوەیش كرد وەك هەرێمی كوردستان كێشەی ئەوەیان نییە كێ بەشداری دەكات لە پڕۆسەی گرتنەوەی شارەكە، تەنها دەیانەوێت سەر و سامانی خەڵك لەو ناوچانەی ئازاد دەكرێن بپارێزن و ئەوەی داعش كردویەتی بەرامبەر دانیشتوانەكەی ئەو هێزانەش نەیكەنەوە بەرامبەریان و نەبنە هێزێكی داگیركەر كە وێرانكاری و ماڵوێرانی بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەسەر دوو یەكەی گەورە ( 70 سەربە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ـ 80ی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان ) دابەش بووە و هەریەكەیان لە ناوچەكانی خۆیان دژبە داعش دەجەنگن.
فەرماندەی هێزەكانی 70 كە زیاتر لە بەرەی ناوچەكانی سنووری كەركووك و گەرمەسێر دەسەڵاتدارن ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا هێزی پێشمەرگە لە هەموو بەرەكان تێكەڵاون و فەرمان و بڕیارەكان لە یەك فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەوە وەردەگرن، ئەوان وەك هێزەكانی یەكێتیش لەگەڵ هێزەكانی سەربە پارتی لە بەرەكانی مووسڵ تێكەڵن و بەشداری هەر پڕۆسەیەكی رزگاركردنەوەی شارەكە دەكەن.
لە ئێستادا لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە مەترسی لە عێراقی دوای داعش هەیە، بەشێوەیەك بەرپرسانی سەربازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ئاشكرا باس لەو مەترسیانە دەكەن و داوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەكەن.
شێخ جەعفەر كە بەرپرسی یەكەمی سەربازی ناو حزبەكەشیەتی لەو بارەیەوە دەڵێت: "كورد بە گشتی زۆر مەترسی گەورەی هەیە لە دوای داعش لە عێراق، ئەگەر ببینین دەوڵەتی یاسا پێش چەند رۆژێك لێدوانیان داوە و دەڵێن دەبێت پێشمەرگە لەو ناوچانەی ئازاد كراون لە هەموی بكشێنەوە، ئەم جۆرە لێدوانانە بەدڵنیاییەوە ترس و دڵە راوكێی خستۆتە دەڵی خەڵكەوە، ئەوانە قسەی بێ بنەمان و پێشمەرگە لەو ناوچانەی ئازادی كردووەو لێیەتی لەیەك بستی ناكشێتەوە مەگەر بەسەر مەیتەكانیاندا هێزە عێرقییەكان بێن.
ئەوەی دەیبیستین لێیان جێگەی نیگەرانییە و ئەگەر دەستیان بڕوات و بۆیان بكرێت هیچ جیاوازییەكیان نییە لەگەڵ دەسەڵاتەكانی پێشوو كە چۆن كوردیان ئەنفال كردووە و بە كیمیایی لێیان داوین، بەڵام هەرگیز بەوشێوەیە دەستیان ناڕوات و ئەگەر دەستیشیان بڕوات بەدڵنیاییەوە ئەو دەستانە دەبڕینەوە".
ئەو هەروەها گوتی: "ئەوەی مەترسییەكەی زیاتر دروستكردووە ئەو جۆرە مامەڵەیەی حەشدی شەعبییە لەو ناوچانەی ئەوانی لێییە كە حەشدی شەعبی محەلین و لە دەرەوە نەهێنراون وەك لە خورماتوو بەشیر و فەرەتەپە و ناوچەكانی تر هەیە، كردەوەكانی ئەوانە كە مەترسی خستووەتە دڵی كوردەوە كە لە دوای داعش ئەمانە دەبنە هەڕەشە".
لە بەشێكی تری دیمانەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو، فەرماندەی هێزەكانی 70 پێشمەرگە وەڵامی هەواڵی چەند رۆژنامەیەك دەداتەوە، ئەو لە بارەی هەواڵی دروستكردنی هێزێكی حەشدی شەعبی بۆ بەشێك لە كوردەكانی مووسڵ گوتی: "ئەوەی لە سنووری دەسەڵاتی خۆماندا بێت و دەستمان بەسەریدا بڕوات، رێگە نادەین بەبێ ئاگاداری هەرێم و رێكکەوتن و رەزامەندی هەرێم هیچ هێزێكی لەو هێزانە دروست بكرێت، ئەگەر لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەش دروست بكرێت ئەوكات دەسەڵاتمان نییە".
هەروەها سەبارەت بە هەواڵی دروستكردنی سەربازگەیەكی ئێرانی لە ناوچەیەكی پارێزگای سلێمانی بۆ شەڕی مووسڵ، ئەو لە وەڵامدا گوتی:" ئەو هەواڵانەی باس لە دروستكردنی ناوچەیەكی تایبەتی مەشق و راهێنانی سەربازی ئێرانی دەكەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی هیچ بنەمایەكی نییە و دوورن لە راستییەوە، چونكە هیچ پێویست ناكات حەشدی شەعبی لە كوردستان سەربازگە بكاتەوە و مەشق بكات لەكاتێكدا ئەوان بۆ خۆیان سنوورێكی بەرفراوانیان هەیە و چ پێویستیان بەوە هەیە لەم شاخانەدا سەربازیەگەیەك بكەنەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەگەر داوا بكەن بۆ تەرخانكردنی پارچەیەك زەوی بۆ مەشق و راهێنان هیچ كێشەیەكمان نییە چونكە ئەوانە هێزێكی عێراقین و زەمانیشیان دەكەین، بەڵام لە ئێستادا نەك لە سلێمانی لە هیچ ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانیش هیچ سەربازگەیەكی وا نییە كە ئێرانییەكان مەشقیان پێبكەن".
news_share_descriptionsubscription_contact

