Hemın Othman Mohammed
03 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2016
سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه دوای هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ی 15ی تهمووز، ته‌واوی زانیارییه‌كانیان له‌باره‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، سه‌ركرده‌ی رێكخراوی تیرۆریستی فه‌تحوڵڵاچی خستووه‌ته‌ڕوو و گوتی: "به‌دڵنیاییه‌وه كه‌سێك نه‌یه‌وێت ئه‌و بزانێت، پێویسته كوێر و كه‌ڕ بێت".
له دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی Televisaی مه‌كسیكی، سه‌ركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دایه‌وه سه‌باره‌ت به رۆژه‌ڤ.
له وه‌ڵامی پرسیارێكیدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له پشت كوده‌تاكه‌وه فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، سه‌ركرده‌ی رێكخراوی تیرۆریستی فه‌تحوڵڵاچی هه‌یه و قۆناغی راده‌ستكردنی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه بۆ توركیا، ئه‌ردۆغان گوتی: "ئیدی هه‌موو زانیارییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه له ئارادایه، واتا كه‌سێك نه‌یه‌وێت ئه‌و بزانێت به‌دڵنیاییه‌وه پێویسته كوێر و كه‌ڕ بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌م زانیاریانه‌شدا ئه‌وانه درۆی زۆر سه‌ركه‌وتوو ده‌كه‌ن، له‌و بابه‌ته‌دا زۆر زۆر سه‌ركه‌وتوون. ئێمه‌یش ئه‌وانه‌مان وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی خسته ناو به‌ڵگه‌ی ستراتیجی ئاسایشی میللیه‌وه، به چییه‌وه؟ به زانیارییه‌وه. ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌رده‌ستماندان چین؟ بڕیاره‌كانی دادگان. له رووداوه‌كه‌ی كودهتاشدا نموونه‌ی ئیفاده‌ی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپامانه كه زۆر به روونی دانی به‌وه‌دا ناوه كه ئه‌و سه‌ركرده‌یان بووه، سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپامان له ئیفاده‌كه‌ی خۆیدا كه وه‌ك گه‌واهیده‌رێك قسه‌ی كردووه، زۆر به روونی ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه پێیان گوتووه: "په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ین به سهركردهكهمانهوه فه‌تحوڵڵا گوله‌ن تا قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌یت" جه‌نه‌راڵێك كه بێ رێزی به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپامان كردووه دانی به‌وه‌دا ناوه".
هاوكات سه‌باره‌ت به داواکاری راده‌ستكردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی رێكخراوی تیرۆریستی فهتحوڵلاچی، فەیحوڵڵا گوله‌ن، ئه‌ردۆغان گوتی: "ئه‌گه‌ر ئێمه له ئێوه بخوازین تیرۆریستێكمان راده‌ست بكه‌ن، پێویسته ئێوه ئه‌و تیرۆریسته‌مان راده‌ست بكه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر به‌ڵگه و شتی واتان له ئێمه خواست، ئه‌و كات ئێمه ناتوانین به‌ره‌نگاری تیرۆر ببینه‌وه. پێمان ده‌ڵێن چی؟ به‌ڵگه. به‌ڵگه‌ی چی بده‌ین. ئێمه كاتمان نییه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا له‌ده‌ستی بده‌ین. تاقه‌تی ئه‌وه‌مان نییه شه‌ش مانگ، یه‌ك ساڵ به‌وه‌وه له‌ده‌ست بده‌ین".