Muhammet Ali Kemal
08 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2016
پاریس
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە رادەستکردنەوەی گەورە تیرۆریست و سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی فەتحوڵڵا گولەن بە وڵاتەکەی رایگەیاند: ''٨٥ کارتۆن دۆکیومێنتمان ناردووە بۆ ئەمریکا. ئیتر هیوادارم لە کورتترین ماوەدا گولەن رادەستی تورکیا بکەنەوە و ئەو توڕەییەی لە تورکیا بەرامبەر بە ئەمریکا هەیە کۆتاییبێت''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لۆ مۆند لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا رایگەیاند: ''سەرکردەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە ئەمریکا دەژی. داوام لە ئۆباما کرد گولەن رادەست بکاتەوە. ئەویش لەبەرامبەردا داوای بەڵگە و دۆکیومێنتی لێکردم. ئەوەم وەبیرهێنایەوە کە کاتێک ئەمریکا داوای رادەستکردنەوەی تیرۆریستەکانی لێکردووین، بێ ئەوەی داوای هیچ شتێکیان لێبکەین، رادەستمان کردوونەتەوە. بەپێی هاریکارییە ستراتیژییەکانی نێوانمان، ئەمریکا پێویستە ئەم کەسەمان رادەست بکاتەوە لەبەر ئەوەی تورکیا بە دەیان تیرۆریستی رادەستی ئەمریکا کردووەتەوە. ٨٥ کارتۆن دۆکیومێنتمان ناردووە بۆ ئەمریکا. ئیتر هیوادارم لە کورتترین ماوەدا گولەن رادەستی تورکیا بکەنەوە و ئەو توڕەییەی لە تورکیا بەرامبەر بە ئەمریکا هەیە کۆتاییبێت''.
ئەردۆغان جەختی لەوەکردەوە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری کە بڕیارە رۆژی ٢٤ی ئاب بگاتە تورکیا، لەکاتی خۆیدا نییە و رایگەیاند: ''درەنگە، زۆر درەنگە. ئەمەش مایەی دڵتەنگی ئێمەیە. هاوپەیمانێکی ستراتیژییان بەرەوڕووی هەوڵێکی ئەنجامدانی کودەتا دەبێتەوە و بۆ ئەوەی سەردانی بکەن ٤٥ رۆژ چاوەڕێ دەکەن. ئەمە ئازاری ئێمەی دا. کاتێک کە سەنتەری بازرگانیی جیهانی کرایە ئامانج، دەستبەجێ کاردانەوەمان نیشاندا و هێرشەکانمان ئیدانەکرد، بە هێرشێکی تیرۆریستی لەقەڵەمم دا. چاوەڕێ بووم بەرپرسانی ئەمریکا کاردانەوەی توندتریان هەبێت. بەڵام بەداخەوە بەو جۆرە نەبوو''.