Sangar Hamad Azeez
25 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2016
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "لێرەوە جارێکی دیکە داوا لە ئەمریکای هاوپەیمانمان دەکەم بەڵگەی پێویستتان رادەست دەکەین. ئیدی پێویست بە گوتنی 'بۆ ناردنەوەی ئەو کەسە پێویستمان بە بەڵگەیە' ناکات ئێوە و هەموو دونیاش دەزانن کە رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچییەکان لە پشت کودەتا سەربازییەکەی تورکیاوە بوون".
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو گوتارێکی پێشکەش بەو هاووڵاتیانە کرد کە لە مەیدانی مەولانا لە شاری قۆنیا لە دژی کودەتا سەربازییەکەی تورکیا گردبوونەوەیەکیان ساز کردبوو.
چاوشئۆغڵو گوتی: "سەربازەکانمان لەو ناپاکانە پاک دەکەینەوە، هەشت لەو سەربازە ناپاکانە بەرەو یۆنان هەڵاتن، وەک مشکی ترساو هەڵاتن، تورکیا پاک دەکەینەوە لەو ناپاکانە و ئەوانەشی کە بۆ دەرەوەی وڵات رایان کردووە دەیانهێنینەوە. پێشتر یەک دوو فەتحوڵڵاچی بەرەو بولگاریا رایان کرد، ئەوکاتیش هەوڵیان دا سەرکۆمار بکوژن، ئەوانیش دەهێنینەوە و یەک یەک لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەین. چۆن لە تورکیا لە رەگەوە دەرمانهێنان، ئاواش لە دەرەوەی وڵات کۆتاییان پێ دەهێنین".
ھەروەھا گوتيشی: "سەرکردەی ئەو تیرۆریستانە لە پێنسیلڤانیا دەهێنینەوە تورکیا، لێرەوە جارێکی دیکە داوا لە ئەمریکای هاوپەیمانمان دەکەم بەڵگەی پێویستتان رادەست دەکەین. ئیدی پێویست بە گوتنی 'بۆ ناردنەوەی ئەو کەسە پێویستمان بە بەڵگەیە' ناکات ئێوە و هەموو دونیاش دەزانن کە رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچییەکان لە پشت کودەتا سەربازییەکەی تورکیا بوون، ئیشەڵڵا درێژە بە کارەکانمان دەدەین و وەزارەتی داد، کار لەسەر بابەتەکە دەکات و دۆسیەی پێویست رادەست دەکات".