Abdullah Shukur
08 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2016
ئەنقەرە
گوتەبێژ و جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، نومان کورتوڵموش دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران بیناڵی یڵدرم، لێدوانێکی دا بە رۆژنامەوانان.
کورتوڵموش گوتی: "بە گوێرەی ئامارەکانی پۆلیس تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی ٢٥ ملیۆن ھاووڵاتیمان لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی تورکیادا بەشداریان لە کۆبوونەوە جەماوەریی (دیموکڕاسی و شەھیدان)دا کردووە".
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا رایگەیاند: "ئەگەرێکی زۆرە کە پشووی جەژنی قوربان نۆ رۆژ بێت. واتە رۆژی ھەینی دەست پێ دەکات بەڵام بڕیاری ئەمە نەھاتووەتە نێو ئەنجوومەنی وەزیرانەوە".
کورتوڵموش گوتیشی: "١٨٦ کارمەندی ھێزەکانی سوپای تورکیا و ٣٠ کارمەندی فەرماندەی گشتی جەندرمە واتە ٢١٦ کارمەند ھەڵاتوون کە لە نێووانیان ٩ جەنەرال بەدیدەکرێت".
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا لەبارەی دەنگۆی ھەڵاتنی ژمارەیەک سەربازی فەتحوڵڵاچییەکان بۆ قەندیل: "لە ئێستادا گوێمان لە پروپاگەندەی لەو جۆرانە دەبێت، لەلایەن دەزگای ھەواڵگری وڵاتەکەمانەوە ئەو زانیارییانە پشتراست نەکراونەتەوە".
کورتوڵموش لە درێژەدا گوتیشی: "لەمڕۆوە قەدەغەکردنی مۆڵەتی فەرمانبەرانمان ھەڵگیراوە. مۆڵەتی ساڵانە دەتوانن بەکاربھێنن".
کورتوڵموش لەبارەی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی دیموکراسی و شەھیدان رایگەیاند: "لەو باوەڕەدام دوای ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دوچاری دڵەراوکێ ببن لە بارەی حەشاردان و پارێزگاری کردن لە گولەن. دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەدا لە وڵاتێکی ٧٩ ملیۆنی دا و تەنیا لە ئیستانبوڵدا زیاتر نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس کۆببێتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەمریکا دووبارە چاوپێخشانێک بۆ بابەتی پارێزگاری کردن لە فەتۆ دەکات".
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا لەبارەی لێکۆڵینەوە لە رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ گوتیشی: "لە ئێستادا کار دەکرێت لەسەر سەلماندنی پەیوەندی ھەبوونی ١٠ کەسی بیانی بەو رێکخراوە تیرۆرستییە".
کورتوڵموش زیاتر گوتیشی: "لە رۆژانی داھاتوو چەند شاندێکی دەرەوە سەردانی تورکیا دەکەن. من پێشبینی ئەوە دەکەم کە لە دوای پشتیوانی گەلی تورکیا لە دیموکراسی، ئەم شاندانەش زۆر بە جددی پشتیوانی لە دیموکراسی تورکیا دەکەن".