Heman Hussein Yaseen
13 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2022
هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کۆی گشتی داھات و خەرجییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا خستەڕوو، راشیگەیاند کە ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەبێ تەمویلی عێراق، مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دابین دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جووتیار عادل گوتی: "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە و لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ھەموو کارەکانی بەشێوەیەکی شەفاف بۆ ھاووڵاتییان خستووەتەڕوو، هەروەها لە بواری نەوت و غاز دا، ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکانی ئەو بوارە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتەوە بەردەوامی ھەیە و بەشێوەیەکی وەرزی تەواوی بابەتەکانی بەرھەمھێنان، فرۆشتن، داھات و خەرجییەکەی لەسەر پێگەی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ویستی خۆیانی بۆ خستنەڕووی تەواوی خەرجی و داهات و بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئاشکرا کرد.
جووتیارعادل گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا، سەرەڕای ئەو گەمارۆ ئابوورییەی کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە خراوەتە سەری، توانیوویەتی لە رێگای چەند سەرچاوەیەکەوە مووچە بۆ ھاووڵاتییانی خۆی دابین بکات و چەندین پڕۆژەی ستراتیژیش ئەنجام بدات و ھەروەھا بۆیەکەمجار حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانیوویەتی بە پشت بەستن بە داھاتی خۆی بەبێ حکوومەتی فیدراڵی مووچە دابەش بکات".
جووتیار عادل کۆی گشتی داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا خستەڕوو، راشیگەیاند کە، کۆی گشتی داھاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە داھاتی نەوتی، نانەوتی، تەمویلی حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانان پێکدێت، بریتی بووە لە ٤٦.٣ تریلیۆن دینار.
هاوکات کۆی گشتی خەرجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی خستەڕوو و، رایگەیاند کە، خەرجییەکان لە مووچە، خەرجییەکانی نەوت، بەکارخستن، وەبەرھێنان و کرێی وێستگەکانی کارەبا ھەروەھا دانەوەی بەشێک لە قەرزەکان پێکدێت کە بریتی بووە لە ٤٩.٨ تریلیۆن دینار.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جووتیار عادل لەبارەی تێکڕای داھاتی نەوتی فرۆشراوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بە رێژەی سەدا ٥٥ی ئەو داهاتە بۆ خەرجی پڕۆسەی بەرھەمھێنان، ھەناردەکردن، کۆگاکردن و گواستنەوە خەرجکراوە، ھەروەھا رێژەی سەدا ٤٥ی وەک داھاتی سافی گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکوومەت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی خەرجی پڕۆژەکانی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا گوتی: "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، ٨٤٠ ملیار دیناری لە ٨٨٤ پرۆژە خەرجکردووە، بە شێوەیەک لە ساڵی ٢٠١٩ دا بڕی ٢٤٣ ملیار دینار، لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڕی ١٥١ ملیار دینار و، لە ساڵی ٢٠٢١ دا بڕی ٤٤٦ ملیار دینار خەرجکراوە".
لەبارەی کەرتی وەبەرهێنانیشەوە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "جگە لەو پڕۆژانەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی ئەنجامیداوە، زەمینەسازیشی کردووە بۆ ئەوەی لە رێگای کەرتی تایبەتەوە دەرفەتی کار بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت و بۆ ئەوەش لە سێکتەری وەبەرھێناندا مۆڵەتی بە چەندین پڕۆژە داوە و لەو رێگایەشەوە زیاتر لە ١٢٠ ھەزار ھەلی کار بەشێوەی راستەوخۆ رەخسێنراوە".
جووتیار عادل گوتیشی: "لە ساڵی یەکەمی کابینەی نۆیەمدا، دەستەی وەبەرھێنان مۆڵەتی بە ٤٣ پڕۆژە داوە، بە سەرمایەی ٩٠٢ ملیۆن دۆلار و لەسەر رووبەڕی ٨٧٥ دۆنم زەوی، بەجۆرێک لە کەرتی پیشەسازییدا، ١٢ پڕۆژە بە سەرمایەی ٣٥٧ ملیۆن دۆلار، کەرتی نیشتەجێبوون پێنج پڕۆژە بە سەرمایەی ٣٧٥ ملیۆن دۆلار، کەرتی فێرکردن حەوت پڕۆژە بە سەرمایەی ٤٤ ملیۆن دۆلار، کەرتی گەشتیاری شەش پڕۆژە بە سەرمایەی ٣٠ ملیۆن دۆلار، کەرتی بازرگانی شەش پڕۆژە بە سەرمایەی ٤٣ ملیۆن دۆلار، کەرتی تەندروستی بە سەرمایەی ٢٠ ملیۆن دۆلار و، کەرتی کشتوکاڵ یەک پڕۆژە بە سەرمایەی سێ ملیۆن دۆلار بووە".
جووتیار عادل گوتیشی: "لە ساڵی دووەمی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەستەی وەبەرھێنان مۆڵەتی بە ٨٧ پڕۆژە داوە بە سەرمایەی حەوت ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دۆلار و لەسەر رووبەری حەوت هەزار و ٧٥ دۆنم زەوی بەجۆرێک کە سێکتەری پیشەسازی ٢٩ پڕۆژە بە سەرمایەی یەک ملیار و ١٣٠ ملیۆن دۆلار، کەرتی نیشتەجێبوون چوار پڕۆژە بە سەرمایەی٤٣٠ ملیۆن دۆلار، کەرتی فێرکردن پێنج پڕۆژە بە سەرمایەی ٢٦ ملیۆن دۆلار، کەرتی گەشتیاری ١٥ پڕۆژە بە سەرمایەی پێنج ملیار و ٦٠ ملیۆن دۆلار، کەرتی وەرزشی یەک پڕۆژە بە سەرمایەی دوو ملیۆن دۆلار، کەرتی بازرگانی ١٩ پڕۆژە بە سەرمایەی ٣٠٩ ملیۆن دۆلار، کەرتی تەندروستی شەش پڕۆژە بە سەرمایەی ٥٣ ملیۆن دۆلار، کشتوکاڵ پێنج پڕۆژە بە سەرمایەی ٢٢٧ ملیۆن دۆلار، پڕۆژە بە سەرمایەی، کەرتی هونەری یەک پڕۆژە بە سەرمایەی نۆ ملیۆن دۆلار و، کەرتی خزمەتگوزاری دوو پڕۆژە بە سەرمایەی ٥٨ ملیۆن دۆلار بووە".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ساڵی سێیەمی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری وەبەرهێنان کرد و رایگەیاند کە لە ساڵی سێیەمدا، مۆڵەت بە ٦٤ پڕۆژە دراوە بە سەرمایەی دوو ملیار و ٩٤٥ ملیۆن دۆلار لەسەر رووبەری ٢٢٢١دوو هەزار و ٢٢١ دۆنم زەوی لە بوارە جیاوازەکاندا.