جيهان, ئابووری, عێراق

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی بەدوای جێگرەوەی تورکیادا دەگەڕێن و تەقینەوەکەی لوبنان دەرگایەکی دیکەیشی داخست

سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان، لاوەند جەمال: "ئەگەر گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان هەڵنەوەشایەتەوە، رۆژانە لە هەولێر و سلێمانی نزیکەی هەزار گەشتیار روویان لەو وڵاتە دەکرد"

Hawkar Yaseen  | 05.08.2020 - نوێکردنەوە : 06.08.2020
کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی بەدوای جێگرەوەی تورکیادا دەگەڕێن و تەقینەوەکەی لوبنان دەرگایەکی دیکەیشی داخست

Arbil

هەولێر - AA

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی تورکیا دوای 24 کاتژمێر لە دەست پێ کردنەوەی گەشتەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و تورکیای راگرت تاوەکو یەکی ئەیلوولی داهاتوو، ئەم بڕیارە کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکانی تووشی کێشەیەکی گەورە کردووە، چونکە بە گوتەی خۆیان تکتی فڕۆکەی سەرجەم ئەو گەشتانەیان فرۆشتبوو کە لەنێوان یەکی ئاب تاوەکو 10ی ئاب لەنێوان هەولێر و سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی تورکیادا ئەنجام دەدرا.

لەمبارەیەوە سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان، لاوەند جەمال راگەیاند "رۆژانە پێنج بۆ شەش گەشتمان هەبوو بۆ فڕۆکەخانەکانی تورکیا، تاوەکو 10ی ئاب تکتی سەرجەم ئەو گەشتانە فرۆشرابوون و خواستێکی زۆری لەسەر بوو، بەڵام بە دووبارە راگرتنی گەشتەکان ئێمەی تووشی کێشە کردەوە، ئێستا هاووڵاتییان داوای پارەکانیان دەکەنەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کۆمپانیاکانیش پارەی خەڵکیان داوە بە هێڵەکانی فڕۆکەوانیی و تکتەکانیان لێ کڕیون، بەپێی یاسای ئەو هێڵە فڕۆکەوانیانەش یان دوای 60 رۆژ پارەکە دەگەڕێننەوە یان گەشتیار سەرپشک دەکرێت بەو تکتە لە ماوەی ساڵێکدا لە هەرکاتێکدا بیەوێت گەشتی پێ بکات و مافی نافەوتێت".

لاوەند جەمال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "ئێمە زۆر بیرمان لەوە کردووەتەوە رێگای جێگرەوە بدۆزینەوە، لوبنان یەکێک لەو وڵاتانەی ئاسانکاری کردبوو بۆ گەشتیاری عێراقی، بەڵام تەقینەوەکەی دوێنێ ئەو دەرگایەشی لێ داخستین، ئێستا خەریکی ئەوەین رێگای تونس بکەینەوە، تونس بەپێی بڵاوبوونەوەی رێژەی کۆرۆنا لە هێڵی سەوزدایە ئەگەر بتوانین عێراق لە سوورەوە بگۆڕین بۆ پرتەقاڵی، رەنگە بتوانین تونس بکەینە جێگرەوەی تورکیا".

سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان، لاوەند جەمال گوتیشی: "فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی لەسەدا 40ی گەشتەکانی لەڕێگای تورکیاوە بوو بۆ ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیکەش، بەڵام ئێستا بەهۆی راوەستانی گەشتەکان زیانێکی گەورە گەیشتووە هەم بەفڕۆکەخانەکان هەم کۆمپانیا گەشتیارییەکان، ئێستا ئەوەی ماوە قەتەری-یە، فلای دوبەی، فلای ئەربیل و هێڵی لوبنانی، بەڵام ئەوانیش هەم گەشتەکانیان کەمە هەم بۆ ئەوانەیە کە لە دەرەوەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ کوردستان یان بڕۆنەوە بۆ ئەورووپا، ئێستا دەتوانین بڵێین بە نزیکەی لەسەدا 70 گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە".

بەگوتەی سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان دوای کردنەوەی گەشتەکانی تورکیا-عێراق و تورکیا-هەرێمی کوردستان و دووبارە راگرتنیان ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە تورکیا گیریان خواردووە و گوتی: "بەهۆی پشووەکانی جەژن، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان چوونەتە تورکیا، بەڵام دوای بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان ئەو گەشتیارانە گیریان خواردووە کە نزیکەی پێنج هەزار کەس دەبن، ئێستا سەرقاڵی ئەوەین چەند گەشتێک رێکبخەین ئەو گەشتیارانە بگەڕێنینەوە عێراق و هەرێمی کوردستان".

لاوەند جەمال داوای کرد بۆ بوژاندنەوەی کەرتی فڕۆکەوانیی گرنگی بە گەشتە ناوخۆیییەکان بدرێت و گوتی: "زۆر گرنگە ئێمە پەرە بە گەشتەکانی ناوخۆ بدەین، لەبەر ئەوەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئێستا هەموو دەرگاکانیان لێ داخراوە و حەزیش بە گەشت دەکەن، بۆیە دەکرێت بە رێکارێکی سەدا سەدی تەندروستیی رێگایان بۆ بکەینەوە لەڕێگای گەشتە ناوخۆییەکان بتوانن بێنە هەرێمی کوردستان، بەوەیش هەم کەرتی فڕۆکەوانیی و هەم بازاڕیش دەبوژێتەوە".

لە هەرێمی کوردستان 800 کۆمپانیا و نووسینگەی فڕۆکەوانیی و گەشتیاریی هەیە، 500 کۆمپانیایان لە هەولێرە و 180یان لە سلێمانی و 120یشیان لە دهۆک، بەپێی خەمڵاندنی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری رابردووەوە تاوەکو مانگی ئاب، مانگانە هەر کۆمپانیایەکیان 10 بۆ 15 هەزار دۆلار زیانیان پێگەیشتووە، بۆیە تەنها لە هەولێر زیاتر لە ٥٠ کۆمپانیا بەتەواوی لە کارکردن وەستاون و دایانخستووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın