وەزیری بازرگانی تورکیا: "ھاوبەشییەکی بەھێز لە ڕووی ئابوورییەوە لەگەڵ سووریا پێکدەھێنین"
وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات ڕایگەیاند: "ئەنقەرە بە شارەزایی و توانای بەرھەمھێنانەکەیەوە، پاڵپشتی پێشکەش بە دیمەشق دەکات".

Istanbul
دیمەشق ــ AA
وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات ڕایگەیاند، وڵاتەکەی و سووریا ھاوبەشییەکی بەھێز لە ڕووی ئابوورییەوە ھاوشێوەی نموونەی ئەمریکا، کەنەدا، مەکسیک و یەکێتی ئەورووپا، پێکدەھێنن.
عومەر بۆڵات لە میانی دووەم ڕۆژی سەردانەکەی بۆ سووریا لەگەڵ ئەندامانی ژووری بارزگانی دیمەشق کۆبووەوە.
وەزیری بازرگانی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیری ئابووری سووریا، نیزال شەعار ئامادەی بوو، ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا و سووریا، مێژوویەکی ھاوبەش و پەیوەندییەکی پتەو پێکەوە دەیان بەستێتەوە و گوتی: "ئەنقەرە بە شارەزایی و توانای بەرھەمھێنانەکەیەوە، پاڵپشتی پێشکەش بە دیمەشق دەکات".
جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا ئومێدەوارە سووریا لەژێر سەقامگیری و ئاشتییەکی بەھێزدا، گەشە بکات.
گوتیشی: "تورکیا و سووریا ھاوبەشییەکی بەھێز لە ڕووی ئابوورییەوە ھاوشێوەی نموونەی ئەمریکا، کەنەدا، مەکسیک و یەکێتی ئەورووپا، پێکدەھێنن".
باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا، چوار ملیۆن پەنابەری سووریا لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و گوتی: "زۆربەی ئەو پەنابەرانەی سووریا کە لە تورکیا گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان بە باشی فێری زمانی تورکی بوون، ئێستا ئەوان دەتوانن ڕۆڵی گرنگی خۆیان لە بنیاتنانی پردی نێوان تورکیا و سووریا و جیھانی عەرەبی لە ڕووی ئابوورییەوە بگیڕن".
دوێنێ چوارشەممە وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات بەسەردانێک گەیشتە دیمەشق.