Zana Natık Kerem
26 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2024
ھەولێر ــ AA
وەزیری دارایی عێراق، تەیف سامی ڕایگەیاند کە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بۆ مانگی شوبات، پەیوەندیدارە بە ڕادەستکردنی لیستی مووچەخۆرانی ھەرێم بە وەزارەتی دارایی عێراق و ھاوکات ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەرمین مەعروف ڕایدەگەیەنێت کە تەنھا بۆ ئەم مانگە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بەبێ مەرج لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دەنێردرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە تەیف سامی بۆ تاوتوێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدڕاڵیی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم لەگەڵ لیژنەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، ڕایگەیاندووە کە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بۆ مانگی شوبات پەیوەندیدارە بە ڕادەستکردنی لیستی مووچەخۆرانی ھەرێم بە وەزارەتی دارایی عێراق.
تەیف سامی ئەوەشی گوتووە: "مەرجی ئەوەمان داناوە کە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بۆ مانگەکانی داھاتوو، دەبێت بە نیشتمانی بکرێت".
ھاوکات ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەرمین مەعروف لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیانی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، تەیف سامی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا، تەیف سامی ڕایگەیاندووە کە مەرجی ئەوان بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، کردنەوەی ھەژماری بانکیی مووچەخۆرانی ھەرێمە و گوتی: "شتێک بەناوی ٦١٨ ملیار دینارەکە نەماوە (مانگانە بەغدا بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەینێرێت)، بەڵکو ئەوەی هەیە لەومەدوا مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم لەلایەن حکوومەتی فێدڕاڵییەوە بە تەواوی دەنێردرێت".
گوتیشی: "تەنھا بۆ ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی عیراق مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بەبێ مەرج دەنێرێت".
باسی لەوەش کە نابێت مووچەخۆرانی ھەرێم لە مووچە بێ بەش بکرێن و گوتی: "دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق بە نیشتمانی بکرێت".
ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق ڕایگەیاند کە نابێت مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە مووچە بێ بەش بکرێن و ئاماژەی بەوەشدابوو کە دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم ھاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق بە نیشتمانی بکرێت.