Heman Hussein Yaseen Yaseen
07 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2019
هەولێر - AA
ساڵانە لەگەڵ ھاتنی جەژنی قوربان، بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان قەرەباڵغییەکی زۆر بەخۆوە دەبینێت و ماوەی چوار ساڵیشە لە شاری ھەولێر لە پاڵ ئاژەڵەکانی مەڕ، بزن و مانگا حوشتریش کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک سەر حوشتر لە مەیدانی ئاژەڵانی ھەولێر فرۆشراوە.
حوشترەوان، تەحسین مەولود کە ماوەی چوار ساڵە حوشتر لە باشووری عێراق دەھێنێتە ھەولێر و دواتر بۆ شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان دەینێرێت رایگەیاند کە سەرەڕای کردنەوە قوربانیی، بەم دواییە چەند چێشتخانەیەکیش تایبەت بە گۆشتی حوشتر لە ھەرێمی کوردستان کراونەتەوە و گۆشتی حوشتر بۆ میوانەکان ئامادە دەکەن و ئەم گۆشتەش خواستی لەسەرە.
تەحسین مەولود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی چوار ساڵە حوشتر لە باشووری عێراق دەکڕین و لە ھەرێم دەیفرۆشینەوە، بۆ ئەم جەژنە زیاتر لە سەد سەر حوشترمان هێناوە و تا ئێستا ژمارەیەکمان فرۆشتووە و زیاتر خەڵکی عەرەب خواستیان لەسەری ھەیە، جگە لەوەیش چەند چێشتخانەیەک کە بەم دواییانە کراونەتەوە گۆشتی حوشتر بۆ میوانەکان ئامادە دەکەن".
ئەو حوشترانەی کە دەفرۆشرێن، کڕیارەکان هەر لە شوێنی خۆیان بەجێییان دەهڵێن تا رۆژی سەربڕین بۆ قوربانی و ملوانکەیەکی رەنگدارییان لەمل دەکرێت بۆ ئەوەی بناسرێنەوە.
تەحسین مەولود لەبارەی نرخ و کێشی حوشتر گوتی: "حوشترەکان کێشیان لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ کیلۆگرام دایە و ھەر کیلۆگرامی بە پێنج ھەزار دینارە و لەئێستاشدا چەند دانەیەکمان فرۆشتوە و چاوەڕوان دەکەین خاوەکانیان بێن بیانبەنەوە".