Heman Hussein Yaseen Yaseen
05 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2019
ھەولێر - AA
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان کەسانێک هەن کە قوربانیی دەکەن و بەهۆیەوە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان لە هەولێر وەک سەرجەم بازاڕەکانی دیکەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان لە هەرێمی کوردستان جووڵەی تێدەکەوێت و خەڵکێکی زۆر بۆ کڕینی ئاژەڵ روو دەکەنە ئەو بازاڕە و فرۆشیارەکانیش کە ماوەیەکی زۆر ئاژەڵەکانیان بۆ ئەم کاتانە ئامادەدەکەن ھەفتەی پێش جەژنی قوربان بۆ فرۆشتنی ئاژەڵەکانیان بە دەرفەت دەبینن.
یەکێک لە فرۆشیارانی نێو ئەم بازاڕە (بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان لە هەولێر) ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستا بەدواوە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ جووڵەی تێدەکەوێت و دەشڵێت کە جوانە گا بۆ قوربانیکردن خواستێکی زۆری لەسەرە.
ئاژەڵفرۆش حاجی نورەددین سورچی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لێرە ھەموو جۆرە ئاژەڵێکی گەورە و بچووک کە بۆ قوربانی دەشێت دەست دەکەوێت، ئێستاش ھێشتا بازاڕەکە وەکو چەند ساڵی رابردوو نییە، بەڵام چاوەڕوانیین لە چەند رۆژی داھاتوو کڕین و فرۆشتن زیاتر بێت".
نورەددین سورچی گوتیشی: "خەڵک بەزۆری جوانە گا دەکڕێت چونکە بۆ حەوت کەس دەچێت، ئێستا کڕین هەیە، بەڵام چەندی لە جەژن نزیک ببینەوە زیاتر جموجۆڵ دەکەوێتە ناو بازاڕ و تا چوارەم رۆژی جەژنیش کڕین بەردەوام دەبێت".
لەبارەی جۆر و نرخی ئاژەڵەکانیش، حاجی نورەددین سورچی گوتی: "جوانە گا خواستێکی زۆری لەسەرە لەگەڵ ئەوەشدا، بەران، بزن و مەڕی خۆماڵی بەراورد بەوانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، خواستی زۆرتر لەسەرە چونکە بەشێک لە ئاژەڵەکان لە وڵاتانی وەک جۆرجیا، تورکیا و سووریا دەهێندرێن و جیاوازییەکەشیان لە رووی نرخەوە زۆر نییە".
حاجی نورەدین سورچی گوتیشی: "لەم مەیدانەدا نرخی ئاژەڵی بچووک نزیکەی سێ تا سێ ھەزار و ٥٠٠ دینارە، رەشەوڵاخیش بە نزیک بە پێنج ھەزار دینار دەفرۆشرێت، بەڵام ئەو ئاژەڵانەی کە هاوردە دەکرێن کەمێک نرخی لە ئاژەڵی خۆماڵی هەرزانترە".