Hemn Baban
18 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2018
ھەولێر-AA
بەپێی ئەوانەی لەو بازاڕەدا ھەن ئاژەڵ لە سووریا و ئێران و جۆرجیا و ھیندستان و شوێنی دیکەشەوە دەھێنرێنە ئەم بازاڕە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و گەڕانەوەی حاجییان لە مەککەی پیرۆز ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان خانەوادەیەکی زۆر قوربانیی دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان جوڵەی تێدەکەوێت و خەڵکێکی زۆر بۆ کڕینی ئاژەڵ روو دەکەنە ئەو بازاڕە و فرۆشیارەکانیش کە ماوەیەکی زۆر ئاژەڵەکانییان بۆ ئەم کاتانە ئامادەدەکەن ھەفتەی پێش جەژنی قوربان بە دەرفەت بۆ فرۆشتنی ئاژەڵەکانییان دەبینن.
یەکێک لە فرۆشیارەکانی نێو ئەم بازاڕە کە جلوبەرگی کوردیی لەبەردابوو و لە٦٠ەکانی تەمەنیدا بوو باسی لەوەدەکرد کە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان لە ھەولێر لەم ھەفتەیەدا جموجۆڵێکی باشی تێدا دەبینرێت، بەڵام ھێشتا بەقسەی ئەو بەدڵی فرۆشیاران نییە، تەحسین حەمەدئەمین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "لێرە ھەموو جۆرە ئاژەڵێکی گەورە و بچووک کە بۆ قوربانی دەشێن دەستدەکەوێت، ئێستاش ھێشتا بازاڕەکە وەکو چەند ساڵی رابردوو نییە، بەڵام چاوەڕوانیین لە چەند رۆژی داھاتوو کڕین و فرۆشتن زیاتر بێت".
ئەو پیاوە کە ژمارەیەک لە ئاژەڵە گەورەکانی خۆی ھێنابوو تا بیانفرۆشێت قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەکرد و دەیگوت "بازاڕی ئێمە پەیوەندیی بە ھاتنەوەی حاجییەکان و مزگەوتەکانیشەوە ھەیە، ئەگەر مەلای مزگەوتەکان زیاتر قسە لەسەر قوربانیکردن بکەن و باس لە پیرۆزی ئەو کارە بکەن ئەوا خەڵک زیاتر قوربانی دەکات و فرۆشتنیش زیاتر دەبێت، ئێستا نرخی کیلۆیەک لە ئاژەڵی گەورە بەتایبەت جوانەگا نزیک بە پێنج ھەزار دینار دەبێت".
لەنێو مەیدانی ئاژەڵانی ھەولێر سەدان کەس لە کڕیار و فرۆشیار تێکھەڵپژاون و ئەوەی کۆیان دەکاتەوە کڕین یان فرۆشتنی ئاژەڵانە، ئەگەرچی شوێنەکە تەواو گونجاو نییە و بازاڕێکی لەمجۆرە کە بایی سەدەھا ھەزار دۆلار ئاژەڵی تێدایە دەکرا گۆڕەپان و شوێنی گونجاوتر ھەبا، چونکە لەرووی تەندروستیشەوە شوێنەکە بە ھۆکارێک بۆ تووشبوون و گواستنەوەی چەندین نەخۆشی لێ دەکرێت، بوونی چەندین کەلاک لە نزیکی ئەم گۆڕەپانە فراوانەی ئاژەڵان ئەم شوێنەی پتر ناتەندروست کردووە.
لە نێو بازاڕەکە کورد و عەرەب و خەڵکی عێراق و سووریا و شوێنی دیکەش ھەن کە کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەوە دەکەن و ئێرە دەکرێت بڵێین بۆرسەی ئاژەڵانە لە ھەولێر و ھەرکەسێک بۆ کڕینی ئاژەڵ یان فرۆشتنی ئێرە بەو شوێنە دەزانێت کە پێویستییەکانی پڕ دەکاتەوە.
لە ئایینی ئیسلامدا دوو جەژن ھەیە، جەژنەکانی رەمەزان و قوربان، یەکەمیان پاش مانگی رەمەزان دەبێت و سێ رۆژە، ھەرچی جەژنی قوربانە ئەوا چوار رۆژە و ئەم قوربانییەش وەکو بەجێ گەیاندنی ئەرکێکی ئایینی دێت لە لایەن موسڵمانانەوە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو سروتە ئاینییەی کە پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە بەپێی ئایینی ئیسلام لەسەردەمی پەیامبەری خودا ئیبراھیم لەخەونیدا کە پێش ھاتنی ئایینی ئیسلامە خودا فەرمانی سەربڕینی کوڕەکەی وەکو تاقیکردنەوەی ئەو پەیامبەرە کردووە و دواتر پاش ویستی ئەو پەیامبەرە بۆ سەربڕینی کوڕەکەی خودا بەرانێکی بۆ نارد و پێی راگەیاندن لە تاقیکردنەوەکە سەرکەوت و کوڕەکەی سەرنەبڕێت، ئەم سەرگوزەشتەیە لە قورئاندا ئاماژەی بۆ کراوە و پەیامبەر ئیبراھیم کە٦٩ جار ناوی لە قورئاندا ھاتووە سوورەتێکی قورئانیشی بەناوەوەیە.
غازی قەپان لەنێو مەیدانی ئاژەڵان سەرقاڵی رێکخستنی ئەو ئاژەڵانە بوو کە فرۆشرابوون و کێشان دەکران، ئەو سەبارەت بە بازاڕەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "جەژنی قوربان کاریگەریی زۆرە لەسەر بازاڕ، فرۆشیاران و خاوەن ئاژەڵەکان ساڵێک ئاژەڵەکانییان رادەگرن بۆ ئەوەی لەم جەژنەدا بیانفرۆشن، ئەمساڵ ئاژەڵ لەم بازاڕە زۆر زۆرە، بەڵام کڕیار کەمە، ئاژەڵەکانیش ھەرزانن، نرخی ئاژەڵی بچووک نزیکەی سێ تا سێ ھەزار و ٥٠٠ دینارە، رەشەوڵاخیش بە نزیک بە پێنج ھەزار دینارە".
گوتیشی "ئێستا ئاژەڵی ئەم بازاڕە لەچەندین شوێنەوە دێن، لە سووریاوە بەپلەی یەکەم، لە ئێرانەوە، لە جۆرجیا و لە شوێنی دیکەشەوە وەکو ھیندستانیش دێت، ئەوان نرخییان ھەرزانترە بەراورد بە نرخی ئاژەڵی خۆمانە و ئەوەی زیاتر دەفرۆشرێت ئاژەڵی عێراقییە ئەگەرچی نرخەکەشی کەمێک گرانترە لەچاو ئەوانی دیکە، بەڵام زیاتر خواستی لەسەرە".
قەیرانی دارایی کە لەساڵی ٢٠١٤ەوە کاریگەریی قورسی لەسەر دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان داناوە رۆڵی زۆری ھەبووە لە کەمبوونەوەی ئەو قوربانییانەی پێشتر دەکران و ئێستا بەھۆی کەمی مووچە و باری خراپی داراییەوە خەڵک کەمتر روو لە بەجێ گەیاندنی ئەم ئەرکە دەکەن بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێش ٢٠١٤.