Ali Makram Ghareeb,Çiğdem Münibe Alyanak
07 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2022
کەرکووک – AA
جلوبەرگی تورکمانی لە کەرکووک کە جگە لە رۆژانی ئاسایی و ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری لەلایەن تورکمانەکانەوە لەبەر دەکرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان خواست لەسەری زیادی کردووە و بەرگدووران هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەتەواوی داواکارییەکان رابگەن و جلوبەرگەکان بۆ جەژن بدوورن.
جلوبەرگی تورکمانی ژنان و پیاوان کە لە چەند پارچەیەکی لێکجیاواز پێک هاتووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان خواستی زۆری لەسەرە کە لە سەردەمی سەرۆکی لەکارلادراوی عێراق، سەدام حوسێن قەدەغە بوو و لەم ١٩ ساڵەی رابردووشدا خواست لەسەری زۆر زیادی کردووە.
بەرگدروو، موعتەسەم قەساب کە تەمەنی ٦١ ساڵە و جلوبەرگی تورکمانی لە کەرکووک دەدروێت بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە نزیکەی ٥٠ ساڵە بەرگدرووە و گوتی: "جلوبەرگی تورکمانی جگە لە رۆژانی ئاسایی، بۆ جەژنیش لەبەر دەکرێت، بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان ئێستا خواستێکی زۆر لەسەری هەیە".
قەساب ئاماژەی بەوە دا کە باوک و باپیری رۆژانە ئەو جۆرە جلوبەرگەیان لەبەر کردووە و ئێستاش ژمارەی ئەوانە تا دێت زیاتر دەبێت کە ئەم جۆرە جلوبەرگە لەبەر دەکەن، گوتی: "کچان شەوی خەنەبەندان و کوڕانیش زیاتر بۆ جەژن ئەم جلوبەرگە لەبەر دەکەن، بە بەربڵاوترین شێوە گەنجان ئەم جۆرە جلوبەرگە لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی، خەنەبەندان و جەژن لەبەر دەکەن".
بەرگدروو، موعتەسەم قەساب تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە ئەم جۆرە جلوبەرگە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ لەسەردەمی حوکمڕانی سەدام حوسێندا قەدەغە کرا، بەڵام دوای رووخانی رژێم خواست لەسەر جلوبەرگی تورکمان زیاد بووە.
بەرگدروو عەلی تەها خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی کە تا دێت خواست لەسەر ئەو جۆرە جلوبەرگە زیاتر دەبێت و ئاماژەی بەوە دا کە لە رێگای دوورینی ئەم جۆرە جلوبەرگەوە رۆڵ دەگێڕن لەسەر بەردەوامیدان بەو نەریتەی لە باب و باپیریانەوە بۆیان ماوەتەوە.