Dlshad Saifaalddin Ahmed
15 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2018
سلێمانی ـ AA
بەڕێوەبەری گشتی نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە پارێزگای سلێمانی، ئیمان حەیدەر راگەیاند "وەزارەتی پەروەردەی عێراق پێشتر بڕیاریدا بە داخستنی هەموو ئەو خوێندنگایانەی تایبەتن بە ئاوارەكانی ناوچەكانی تری عێراق كە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان درێژە بە خوێندن دەدەن، ئەو خوێندنگایانەش تایبەتن بەو ناوچانەی پێشتر لە لایەن داعشەوە داگیركرابوون".
ئیمان حەیدەر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە كێشەی ئەوەمان هەیە قوتابییەكان ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان بە هۆی وێران بوون و سووتانی ماڵەكانیانەوە، دوای هەوڵێكی زۆر و گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی عێراقی و وەزارەتی پەروەردە و گەیاندنی كێشە و گرفتەكانی ئەو خێزانانە بە راپۆرتێك بۆ هەردوولا لە ئەنجامدا حكوومەتی عێراق هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و بڕیاردرا بە دابینكردنی بینای خوێندن و درێژەدان بە خوێندنی قوتابیانی ئاوارە لە ناوچەكانی هەرێم".
بەڕێوەبەری گشتی نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی كرد بەوەی، لە ئەمڕۆوە دەستیان بە ئامادەكارییەكان كردووە و چوار بینای خوێندنیان لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی وەرگرتووە بۆ ئەوەی بكرێنە خوێندنگەی ئاوارەكان، چاوەڕوانیش دەكەن لە میانی ئەم دوو هەفتەیەدا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی هاوكاری زیاتریان بكەن و چەند خوێندنگەیەكی تریان بۆ تەرخان بكەن.
بە گوێرەی ئاماری نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە سلێمانی، بە هۆی شەڕی داعشەوە لە سەرەتادا، نزیكەی 80 هەزار قوتابی ئاوارەیان لە پارێزگای سلێمانی هەبووە، بەڵام لەئێستادا نیوەی خێزانە ئاوارەكان گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان و تەنها 35 هەزار قوتابی ئاوارە ماونەتەوە و بۆ ساڵی نوێی خوێندن درێژە بە خوێندن دەدەن.
لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك نزیكەی 220 هەزار قوتابی ئاوارە و 376 خوێندنگەی تایبەت بە ئاوارەكان هەیە، لەو ژمارەیەك 35 هەزار قوتابی دەكەونە سنووری پارێزگای سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستەش 100 خوێندنگەیان بۆ كراوەتەوە و هەزار و 136 مامۆستایان هەیە كە ئەوانیش مامۆستا ئاوارەكانن مووچەكانیان لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵدا وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری داخستنی سەرجەم ئەو خوێندنگایانەی دەركرد كە ماوەی چەند ساڵێكە بۆ ئاوارە عەرەبەكانی نیشتەجێی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، بە گوێرەی بڕیارەكەش بۆ ساڵی نوێی خوێندن هەموو ئەو خوێندنگایانە دادەخران.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق نیگەرانی و توڕەیی ئاوارەكانی لێكەوتەوە و چەند جارێك لە بەردەم نوێنەرایەتی سلێمانی وەزارەتی پەروەدەی عێراق قوتابیان و كەسوكاریان گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەیان كرد.