Halil Fidan
30 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2017
ئورفا- AA
کوردانی سووریا کە بە هۆی پێکدادانەکانی ساڵی ٢٠١٤ لە کۆبانێ هەڵاتن و پەنایان بۆ تورکیا هێنا و لە خێوەتگەی سروجی سەربە پارێزگای ئورفا نیشتەجێبوون، خەمی ئەوە دایگرتوون کە بە هۆی فشارەکانی پەیەدەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و جەژنی قوربان لە زێدی خۆیان بەسەربەرن.
ئەو هاووڵاتییە کوردە سوورییانە نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی شەڕو پێکدادانی نێوان رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و پەیەدەوە، هەڵاتوون، ژمارەیان نزیکەی ٣٠ هەزار کەسە و زۆرینەیان ژن و منداڵن، لە ناوەندێکی مانەوە کە لە لایەن سەرۆکایەتی فەرمانگەی کارەسات و دۆخە لە ناکاوەکان لە سروج درووستکراوە، ژیان بەسەردەبەن.
ئەو قوربانییانەی جەنگ کە لە رێگەی ئەو کارتانەی پێیان دراوە، بە شێوەیەکی رێکوپێک دەتوانن لە مارکێتەکان شت بکڕن، ئامادەکاریی بۆ جەژنی قوربان دەکەن و بە هۆی ئەو دەرفەتەی بۆیان رەخسێنراوە، سوپاسگوزارن.
سەرەڕای ئەوەی شەڕو پێکدادان لە ناوچەکەیان نەماوە، بەڵام بە هۆی فشارەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەیەدەوە، ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەمساڵیش خەمی ئەوەیانە کە ناتوانن جەژنی قوربان لە ماڵوحاڵ و وڵاتی خۆیاندا بەسەربەرن.