Hemn Baban
12 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2015
هەولێر
لە كۆنفڕاسەكەدا ئەندامانی لێژنەی وزەی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركووك ئامادە بوون.
ئەمڕۆ شەممە رێكخراوی مەسەللە بە هاوكاری رێكخراوی (NPA)ی نەرویجی كۆنفڕانسی چوارەمی نەوت و غازی كوردستانی بەست كە تێیدا ژمارەیەك پەرلەمانتار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركووك و چەندین پسپۆڕی بواری وزە ئامادەی بوون.
كۆنفڕانسەكە كە بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت هەشت پانێڵی سەرەكی لەخۆ دەگرێت كە ئەوانیش لە رۆژی یەكەمدا ئەمانەن "مافی نەوەكانی داهاتوو لە داهاتی نەوتدا، رۆڵی حكوومەتەكانی خۆجێێی لە دۆسیەی نەوتدا، رۆڵی دەستەی ژینگە لە چاودێریكردنی كاری كۆمپانیاكانی نەوتدا، بەرپرسیارێتی یاسایی لە دۆسیەی نەوتدا".
هەروەها لە رۆژی دووەمیشدا بڕیارە پانێڵەكانی "هێزی كاری نەوت لە كوردستاندا، رۆڵی دەستەی مافی مرۆڤ لە بەدواداچوونی دۆسیەی زیانلێكەوتوانی نەوتدا، پرسی پاڵاوگەكانی بچووك لە كوردستاندا، دۆسیەی جووتیارانی زیانلێكەوتوو لە چالاكییەكانی نەوت" بەڕێوەبچن.
لە پانێڵی یەكەمی كۆنفڕانسی چوارەمی نەوت و غازی كوردستان لەبارەی مافی نەوەكانی داهاتوو لە داهاتی نەوتدا ئەندامی لێژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دكتۆر رێواس فایەق باسی لە گرنگیی دامەزراندنی سندووقێك بۆ هەڵگرتنی بەشێك لە داهاتەكانی نەوت بۆ نەوەكانی داهاتوو كرد و گوتی: "تا ئێستا بەهۆی نەبوونی متمانە لەنێوان پەرلەمانتاران و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەر ژمارەیەكی ئەو وەزارەتە بێتە بەردەستیان گومانییان لێ هەیە".
گوتیشی: "دەبێت تێڕوانینێكی روون هەبێت لەسەر سندووقی نەوەكانی داهاتوو و بزانرێت كە داهاتی ئەو نەوتە چی لێ دەكرێت، یان هەڵدەگیرێت یان وەبەرهێنانی پێوەدەكرێت، ئەگەر یەكەم بێت ئەوە بەپێی ئابووریناسان نرخەكەی دادەبەزێت، ئەوەی دووەمیش دەبێت بزانرێت چۆن و لەچیدا وەبەرهێنانی پێوەدەكرێت".
گوتیشی: "تەمەنی نەوت و غازیش تەواو دەبێت، بۆیە بەشێك لەو وڵاتانەی ئەو وزەیەیان هەیە ئێستا پشت بە وزەی دیكە دەبەستن كە مەترسیی تەواوبوونی نییە، واتە ئەڵتەرناتیڤ بۆخۆیان دەدۆزنەوە".
سەرپەرشتیاری كۆنفڕانسەكە رێبین فەتاح لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " ئەمە كۆنفڕانسی چوارەمی نەوت و غازە كە پێی هەڵدەستین و چەندین پانێل` لەخۆدەگرێت بە ئامادەبوونی چەندین پسپۆری بوارەكە و دەمانەوێت بەتایبەت لەسەر چەند بابەتێك هەڵوەستە بكەین لەوانە سندووقی نەوەكان كە تایبەتە بە داهاتەكانی وزە بۆ نەوەكانی داهاتوو، هەروەها كاریگەریی ژینگەی كاركردنی كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، لەپاڵ ئەوانەشدا باسی پاڵاوگەكان و بوونی هێزی كار لەو كۆمپانیایانە دەكەین".