Hemn Baban
14 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2016
ئەندامێكی لێژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت رێككەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و بەغدا زیاتر لەبەرژوەندیی هەرێمدایە و جگە لە بوودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی، سوود لە قەرزە نێودەوڵەتییەكان و لە راكێشانی پارەی یەدەگ و قەرزی پیشەسازی و كشتوكاڵیش بە هاوڵاتییانی هەرێم دەگەیەنێت، كاوە محەمەد لەوبارەیەوە بۆ ئانادۆڵو دەڵێت" عێراق بەشێك لەیەدەگی بۆ پێدانی مووچە بەكاردەهێنێت".
بەپێی ئەندامەكەی لێژنەكەی پەرلەمانی عێراق رێككەوتنی هەرێم و بەغدا زیاتر لەبەرژوەندیی هەرێمدایە.
ئەندامی لێژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كاوە محەمەد لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت كە رێككەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و بەغدا كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014 ئیمزاكرا زیاتر لە بەرژوەندیی هەرێمدایە.
لەوبارەیەوە گوتی: "لەراستییدا ئەو واقیعەی لە عێراقدا هەیە بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەوە دەخوازێت هەردوولا بەیەكەوە رێكبكەون و بتوانن ئەوەی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانە بنێرێت و نەوتەكەی هەرێمیش وەكو لە رێككەوتنەكە و یاسای بوودجەی ساڵی 2015 و 2016شدا هاتووە كە بڕی 550 هەزار بەرمیلە رۆژانە تەسلیمی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، بەڵام لە راستییدا ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە ئەو رێككەوتنە وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە، ئەو رێككەوتنە بۆ هەرێم گرنگترە".
سەبارەت بە هۆكاری بایەخی پتری رێككەوتنەكە بۆ هەرێم كە حكوومەتی هەرێم و بەغدا لەكۆتاییەكانی ساڵی 2014 ئیمزایان كرد و بەپێی رێككەوتنەكە دەبوو هەرێم رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات و هەرێمیش بەشە بوودجەی كە 17 لەسەدی كۆی بوودجەی عێراق دەبێت وەردەگرێت، بەڵام بەهۆی كێشەكانەوە جێبەجێ نەكرا، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت شكستی هێناوە و نەبووە هۆكاری ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات، بەڵكو بووە هۆی زیاتر دواكەوتنی مووچە، پێشتر ئەگەر دوو مانگ دواكەوتبێت ئێستا ئەوە بۆ پێنج مانگ شەش مانگ دەبێت مووچە دواكەوتووە".
كاوە محەمەد كە لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئانادۆڵو روونی كردەوە، "تەنانەت ئەو چارەكە مووچەش كە بڕیار بوو لەسەری بەردەوام بێت لەوەشدا حكوومەتی هەرێم دواكەوت و نەیداوە، بۆیە ئەوە دەسەلمێنێت ئەگەر حكوومەتی هەرێم لەبەرژوەندیی خەڵكی كوردستان سیاسەت بكات دەبێت لەگەڵ بەغدا رێككەوتن بكات، دەبێت بەغداش كە دەڵێت ئەو نەوتەی تەسلیم بكات بەشێوەیەكی شەفاف بێت و لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش كە باس لە ملیۆنێك و 400 هەزار مووچەخۆر دەكرێت پێداچوونەوەی پێدا بكرێت و ناوی وەهمی لا ببرێت و پوخت بكرێتەوە".
گوتیشی: "ئەگەر ئەو ئیرادەیە هەبێت و حكوومەتی هەرێم خۆی نەخستبێتە ژێر باری كۆمەڵێك بەڵێن و قەرزی كۆمپانیاكان و توركیا ئەوا لە بەرژوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستانە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكات و لە ئاستی سیاسی و ئابووریش لە بەرژوەندیی عێراقیشە، بۆیە پێویستە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت".
لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا وەڵامی ئەو پرسیارەی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە سەبارەت بەو زیانانەی داعش بە كەرتی نەوتی عێراقی گەیاندووە و گوتی: "داعش زەرەرێكی زۆر زۆری بە كەرتی نەوت گەیاندووە، جگە لە پاڵاوگەی نەینەوا، ژمارەیەك لە كێڵگەكانی نەوت لە پارێزگای نەینەوا و شوێنی تر دەستی بەسەردا گرتوون ئەوە وایكردووە هەناردەی نەوتی عێراق كەم ببێتەوە، لەرووی داراییشەوە زەرەرێكی زۆری لەو كەرتە داوە كە بە ملیارەها دۆلار دەبێت".
لە درێژەی قسەكانیدا ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كاوە محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە ئەمساڵ ساڵێكی زەحمەت دەبێت بۆ عێراق بەهۆی دابەزینی نرخەكانی نەوت، لەو رووەوە گوتی: "ئەمساڵ ساڵێكی زەحمەتە بۆ عێراق بەحكوومی ئەوەی نرخی نەوت زۆر دابەزیوە، ئەو تەقدیرەشی كە لە یاسای بوودجەی ساڵی 2016 كراوە 45 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، كەچی ئێستا تازە نرخی برینت گەیشتووەتە نزیكەی 40 دۆلار و هێشتا نرخی بەرمیلێك نەوتی عێراق لە سی دۆلاردایە كورتهێنانێكی زۆر لە بوودجەی عێراق دروست دەكات، بۆیە عێراق ئێستا پەنای بۆ سەندەكانی حەواڵە و خەزینە و لەهەمان كاتدا لە یەدەگی بانكیش رادەكێشێت، هەموو مانگێك بڕێك پارە رادەكێشێت بۆ ئەوەی پەكی نەكەوێت لە پێدانی مووچە".
گوتیشی: "بۆیە بەگرنگی دەزانم ئەگەر پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و بەغدا باش ببێت، بەتەنها ناردنی مووچەی مووچەخۆران و بەشە بوودجەی 17 لەسەدی هەرێم نابێت لەلایەن بەغداوە، بەڵكو لە قەرزە نێودەوڵەتییەكان كە عێراق كردوویەتی و بەشێكی وەرگرتووە و بەشەكەی دیكەشی وەردەگرێت، هەروەها لەو پارە یەدەگەی كە رایدەكێشێت و بەشێكی لەرێگەی تەرخانكردنی پێنح تریلیۆن دینار بۆ كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی كە بۆ پرۆژەی بچووك تەرخانی كردووە سوودمەند دەبێت، بەڵام بەحوكمی ئەوەی پەیوەندیی هەرێم و بەغدا خراپە و بانكی ناوەندیی لە هەرێمی كوردستان لقی نییە خەڵكی هەرێمی كوردستان ناتوانێت سوود لەو پرۆژە و قەرزانە وەربگرن كە لەبواری كشتوكاڵی و پیشەسازی دەدرێت بە هاووڵاتییانی عێراق".