Sangar Hamad Azeez
12 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2015
سێرت
بەڕێوبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی شارۆچكەی سییری سەربە پارێزگای سێرت رایگەیاند "لەمەو دوا ئەو كوڕ و كچە سووریانەی كە دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەن ئەوا حكوومەتی توركیا بە فەرمی مارەبڕینیان بۆ دەكات".
لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، مارەبڕی فەرمی سەربە پارێزگای سێرت بایرام ئاجار، گوتی: "بە فەرمی پرۆسەی مارەبڕینیان بۆ دوو پەنابەری سووری ئەنجام داوە".
ناوبراو تیشكی خستە سەرئەوەی كە زۆربەی پەنابەران ناسنامە و پاسپۆرتیان نییە و گوتی: "بەداخەوە بەهۆی ئەوەی زۆرێك لە پەنابەران بەڵگەكانی پێویستیان هەڵنەگرتووە بۆ مارەبڕین، نەتوانراوە بە شێوەیەكی فەرمی مارەیان ببڕین، ئەگەر بێت و ناسنامەی باری شارستانیان لا بێت كە لە دادنووس پشت راست كرابێتەوە بەڕێوبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی ناوچەكە بە فەرمی پرۆسەی مارەبڕینیان بۆ ئەنجام دەدات. لە پاڵ ناسنامەی باری شارستانی دەبێت ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت پڕۆسەی مارەبڕین ئەنجام بدەن بەهۆی ئەوەی خەڵكی وڵاتەكە نین پاسپۆرتیشیان لا بێت ئەگەر بێت و پاسپۆرتیشیان لا نەبەێت ئەوا دەبێت هەڵگری بەڵگەی مۆڵەتی مانەوی كاتی كەسی بێت".