Fakhradın Ibrahım Mohammad
02 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2020
هەولێر - AA
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی هۆکاری گرانبوونی غاز لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک روونکردنەوەیەکی ئاراستەی رای گشتی کرد.
بەپێی روونکردنەوەیەک کە لە لایەن گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل بۆ رای گشتی راگەیەندراوە، "رێگری چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی" بووەتە هۆی هۆی گرانبوونی نرخی غاز لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.
راشیدەگەیەنێت کە "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، وەک وەڵامدانەوە بۆ داواکاریی رەوای هاووڵاتییان لە ئەنجامدانی چاکسازی و گرتنەبەری شەفافییەت لە کاروباری حکومیدا، بڕیاردرا گشت گرێبەستی کۆمپانیاکان لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان و بەپێی پرۆسەی بەتەندەرکردن بێت. لەم چوارچێوەیەدا بابەتی گواستنەوەی غاز لە کۆمپانیای داناغازەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێم کە لەلایەن کۆمپانیایێکەوە قورخ کرابوو، کرایە تەندەر و دوای ئەوەی بۆ کۆمپانیایەکی دیکە دەرچوو و بڕیار بوو لە سەری ساڵی نوێوە دەستبەکار ببێت، بەڵام لەلایەن چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی رێگرییان لێ کراوە و وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە غازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی غاز لەو دوو پارێزگایە".
بەپێی روونکردنەوەکە، "لەم دوو رۆژەی رابردوودا کەسانی ئاماژەپێکراو بە هێزی چەکدار و توندوتیژی نواندن بەرامبەر بە کۆمپانیاکە، هێندەی دیکە دۆخەکەیان ئاڵۆز کردووە".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا رادەگەیەنێت، "وێڕای ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان لەم کێشەیە، دڵنیایان دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی چاکسازی پاشگەز نابێتەوە و هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی قورخکاران و مافیاکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە".