عێراق بڕ و داھاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی شوباتی رابردوو بڵاوکردەوە
- وەزارەتی نەوتی عێراق: "لە مانگی شوباتی رابردوودا، ٨٢ ملیۆن و ٨٧٧ ھەزار و ٧٥٧ بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە کە داھاتەکەی پێنج ملیار و ٢٦ ملیۆن و ٨٠٧ ھەزار دۆلار بووە".
Arbil
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە کۆی داھاتی نەوتی ھەناردەکراو بۆ مانگی شوباتی رابردوو، گەیشتووەتە پێنج ملیار و ٢٦ ملیۆن و ٨٠٧ ھەزار دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، کۆی گشتیی داھاتی نەوتی ھەناردەکراوی بۆ مانگی شوباتی رابردوو، بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە کۆی نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی شوباتی رابردوودا، گەیشتووەتە ٨٢ ملیۆن و ٨٧٧ ھەزار و ٧٥٧ بەرمیل کە داھاتەکەی پێنج ملیار و ٢٦ ملیۆن و ٨٠٧ ھەزار دۆلار بووە.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە مانگی شوباتی رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ٧٩ ملیۆن و ١٠٥ ھەزار و ٣٢٩ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراوی کەرکووک لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٧٧٢ ھەزار و ٤٢٨ بەرمیل.
ئاماژە بەوەیشدراوە لە مانگی شوباتی رابردوودا، رۆژانە دوو ملیۆن و ٩٦٠ ھەزار بەرمیل ھەناردەکراوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە مانگی شوباتی رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە ٦٠ دۆلار و ٣٣ سەنت فرۆشراوە.