Zana Natık Kerem
01 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە کۆی داھاتی نەوتی فرۆشراو بۆ مانگی تەمووزی رابردوو، گەیشتووەتە شەش ملیار و ٥١٣ ملیۆن و ٧٩٢ ھەزار دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی تەمووزی رابردوو، بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کۆی نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی تەمووزی رابردوودا، گەیشتووەتە ٩٠ ملیۆن و ٤٦٧ ھەزار و ٧٩٤ بەرمیل نەوت کە داھاتەکەی شەش ملیار و ٥١٣ ملیۆن و ٧٩٢ ھەزار دۆلار بووە.
باس لەوەشکراوە کە لە مانگی تەمووزی رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ٨٧ ملیۆن و ٤٥٥ ھەزار و ٣٥٩ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کەرکووک لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ١٢ھەزار و ٤٣٥ بەرمیل و ھاتووە:
"لە مانگی تەمووزی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا دوو ملیۆن و ٩١٨ ھەزار بەرمیل ھەناردەکراوە".
ھەروەھا لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی تەمووزی رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە ٧٢ دۆلار فرۆشراوە.