جيهان, ئابووری

بڕیاری تورکیا بۆ سنووردارکردنی هەناردە بۆ ئیسرائیل کە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر فەڵەستین

وەزارەتی بازرگانیی تورکیا: "تورکیا لە نۆی نیسانی ٢٠٢٤ەوە بڕیاری سنووردارکردنی هەناردەی چەند بەرهەمێکی بۆ ئیسرائیل دەرکردووە. وەزارەتەکە دەستبەجێ ڕێوشوێنەکانی بڕیارەکە جێبەجێ دەکات".

Ayşe Böcüoğlu Bodur  | 09.04.2024 - نوێکردنەوە : 13.04.2024
بڕیاری تورکیا بۆ سنووردارکردنی هەناردە بۆ ئیسرائیل کە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر فەڵەستین

Ankara

ئەنقەرە - AA

وەزارەتی بازرگانیی تورکیا بڕیاری دا بە سنووردارکردنی هەناردەی ٥٤ بەرهەم بۆ ئیسرائیل کە بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر فەڵەستین.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لە هۆکارەکانی دەرکردنی بڕیارەکە کراوە لە بارەی ئیسرائیل و ئەو بەرهەمانەی سنووردارییەکە دەیانگرێتەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا بەبێ جیاکاری دەیانکاتە سەر گەلی فەڵەستین و ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە کوژراون ٣٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و سەدان هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی کاولکارییەکی زۆر بووەتەوە و گەلی فەڵەستین کە هەوڵی مانەوە لە ژیان دەدات ڕووبەڕووی برسێتییەکی بێ وێنە و هەموو جۆرە نەبوونیەک بووەتەوە، ئیسرائیل ڕێگە نادات خۆراکە سەرەکییەکان و پێداویستی پزیشکییەکان بگاتە غەززە، بەو هۆیەشەوە مردن لە برسا ڕووی لە هەڵکشان کردووە و پەتاکان تەشەنەیان سەندووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە تورکیا لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا لەگەڵ لایەنەکان و لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی و جیهانی ئیسلامییدا لە باڵاترین ئاستدا هەوڵی سیاسیی و دیپلۆماسیی داوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان، ڕێگریی کردن لە زیانی گیانیی و کاولکاریی، فەراهەم کردنی ئاگربەستی هەمیشەیی و سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و ئاوەدان کردنەوەی غەززە.

هاوکات لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە دوای دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە، تورکیا بە هانای خەڵکی غەززەوە چوو و دەستی هاوکاری بۆ درێژ کردن و بە کەشتی و فڕۆکە دەیان تۆن هاوکاری پێ گەیاندن، بەتایبەتی خۆراک و پێداویستی پزیشکی و تەندروستیی و، بووە یەکێک لە دوو وڵاتی پێشەنگی جیهان لەو بواردا، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان، سیاسەتی بێ ڕێزیی کردن بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و گوێنەدان بە بانگەوازەکان بۆ ئاگربەستی یاسایی و دەستەبەرکردنی هاوکاری مرۆیی بەبێ پچڕان".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و دادگای لاهای کراوەتەوە کە پابەندی یاساییان هەیە و هاتووە: "دەیانجار ڕامانگەیاندووە کە تورکیا دەبێتە چاودێر بەسەر جێبەجێ کردنی تەواوی ئەم بڕیارانە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەمەشدا تورکیا لە نۆی نیسانی ٢٠٢٤ەوە بڕیاری سنووردارکردنی هەناردەی چەند بەرهەمێکی بۆ ئیسرائیل دەرکردووە. وەزارەتەکە دەستبەجێ ڕێوشوێنەکانی بڕیارەکە جێبەجێ دەکات. تا ئیسرائیل دەستبەجێ ئاگربەست ڕادەگەیەنێت و ڕێگە دەدات بڕی پێویست و بەردەوام و بێ پچڕان هاوکاری بچێتە ناوەوە ئەم سنووردارییانە جێبەجێ دەکرێن".

وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لە ڕاگەیاندراوەکەیدا پەیامی پشتیوانیی بۆ فەڵەستین دووپات کردەوە و، ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەمی سەربازیی بە ئیسرائیل نەفرۆشراوە و هاتووە: "لە بنەڕەتدا هەر مێژە تا ئێستا ولاتەکەمان ڕێگەینەداوە و نادات بە فرۆشتنی هیچ بەرهەمێک بە ئیسرائیل کە بۆ مەبەستی سەربازیی بەکاردێت. لە چوارچێوەی دۆخی سەختی کەرتی عەززە بانگەوازمان بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە ئیسرائیل پابەند بکەن بەو ئەرکانەی لە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. وەک دەوڵەت و گەلی کۆماری تورکیا بەردەوام دەبین لە پاڵپشتی و پشتیوانیکردن لە فەڵەستین و گەلەکەی، هەروەک چۆن تا ئێستا کردوومانە".

وەزارەتی بازرگانیی ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە بڕیاری سنووردارکردنی هەناردەی بەرهەمەکان بۆ ئیسرائیل ٥٤ بەرهەم دەگرێتەوە، هەر لە شیشی بیناسازی تا پۆڵا و لە مەڕمەڕەوە تا سیرامیک.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın