Bekir Aydoğan
21 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2025
هەولێر - AA
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، ئانڵ بۆرا ئینان ئاماژەی بەوە کرد لە میانی دیدار و کۆبوونەوەکانیاندا لە هەولێر و بەغدا تاوتوێی پرسی هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیایان کردووە، کە لە عێراق چەند پێشهاتێک لە بارەی ڕێکاری یاسایی ڕوویانداوە بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی هێڵەکە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە هەولێر، باڵیۆز ئینان باسی لە دیدار و کۆبوونەوەکانی کرد لە هەولێر و مووسڵ.
ئینان ئاماژەی بەوە کرد کە دوو ڕۆژ لە هەولێر و دوو ڕۆژیش لە مووسڵ بووە و، لە سەردانەکەی هەولێردا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، باڵیۆز عایشە بەریس ئەکینجی و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی دیکەدا کۆبوونەتەوە.
هەروەها ئینان ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاو لە بەغدا میکانیزمی داراییان تاوتوێ کردووە و، لە هەولێریش ئەم بابەتەیان خستووەتە بەر باس.
سەبارەت بە دیدارەکانیان لە هەولێر، ئینان ڕایگەیاند: "لە عێراق چەند پێشهاتێکی یاسایی ڕوویانداوە لە بارەی سەرلەنوێ کردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا کە ماوەیەکە داخراوە. لەگەڵ بەرپرسان لە هەولێر بە شێوەیەکی گشتگیر تاوتوێی ئەمانەمان کرد. لە ڕاستییدا لە بەغدا گفتوگۆمان لەسەر ئامانە کرد. لەبەرئەوە لە هەولێر دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا ئەمانەش و پێشهاتە هەرێمییەکانیش تاوتوێ بکەین".
"تاکە وڵاتین لە مووسڵ کونسوڵخانەمان هەیە. لەبەرئەوە چالاکانە کار دەکەین". ئینان وای گوت و، ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەردانی شارەکەدا لەگەڵ پارێزگاری مووسڵ، عەبدولقادر دەحیل کۆبوونەتەوە و سەردانی تەلەعفەریشیان کردووە.
ئینان باسی لەوە کرد کە لە مووسڵ ڕێوڕەسمی ناشتنی درەختیان ئەنجامداوە و، ڕایگەیاند: "بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردنی ناوچەکانی دراوسێمان، ئەو ناوچانەی پەیوەندییەکی نزیکمان لەگەڵیان هەیە و پەیوەندی کۆمەڵناسی و مرۆیی بەهێزمان لەگەڵیاندا هەیە".