Zana Natık Kerem
08 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2023
ھەولێر – AA
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند کە لەمڕۆ چوارشەممەوە، یەک دۆلاری ئەمریکی بە ھەزار و ٣٢٠ دیناری عێراقی لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە دەفرۆشرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار حەمەد خەلەف نووسراوێکی لەبارەی فرۆشتنی دۆلار بەرامبەر بە دینار، ئاراستەی بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوێری دراو کرد.
لە نووسراوەکەدا ھاتووە "پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی کارگێریی بانکی ناوەندیی عێراق کە لە کۆبوونەوەی نائاسایی شەشی ئەم مانگە دەریکردووە، نرخی فرۆشتنی دۆلار بەرامبەر بەدینار لەمڕۆ چوارشەممەوە بەم شێوەیە دەبێت یەک دۆلار لە وەزارەتی دارایی بە ھەزار و ٣٠٠ دینار دەکڕدرێت و یەک دۆلار بە بانکەکان لەڕێگای سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە بە ھەزار و ٣١٠ دینار دەفرۆشرێت، ھەروەھا یەک دۆلار لە بانکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوێری دراو بە ھەزار و ٣٢٠ دینار دەفرۆشرێت.
دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیارێکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسەندکرد کە نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ھەزار و ٣٠٠ دیناری عێراقی دیاری کردووە.
ئەمرۆ بانکی رافیدەین رایگەیاند کە لە دەروازەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە ھەزار و ٣٢٠ دیناری عێراقی بە گەشتیاران دەفرۆشێت.
ویڕای بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، هێشتا لە بازاڕەکانی عێراقدا، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لەنێوان ١٤٨ هەزار بۆ ١٥٠ هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.