Zana Natık Kerem
08 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2023
ھەولێر – AA
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی رایگەیاند کە لەئێستادا، ھەرچییەک لە توانایاندا بێت، بۆ یارمەتیدانی تورکیا ئەنجامدەدەن و ئاماژەی بەوەیشدا کە ژمارەیەک تیمی ھاوکاری لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو ناوچانەی تورکیا کە بەھۆی بوومەلەرزەکانی شەشی ئەم مانگەوە زیانیان بەرکەتووە نێردراون.
سەفین دزەیی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بە ناوی گەل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی بوومەلەرزەکانی تورکیا کرد و ھیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک تیمی ھاوکاریی بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی بوومەلەزرەکانی تورکیا ناردووە و گوتی: "بە رێنمایی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی تیمی پزیشکی و مرۆیی گەیشتوونەتە ئەو ناوچانەی تورکیا کە بەھۆی بوومەلەرزەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە".
گوتیشی، "لەئێستادا، تیمێک کە لە ١٥٠ کەس پێکھاتووە لە ئیسلاحییەن، ئەوان بەدوای قوربانییان دەگەڕێن و خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش دەکەن، ھەروەھا تیمی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەوێش ھاوکاری مرۆیی پێشکەش دەکات".
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەیشدا کە ٣٥ ئەمبولانسی دیکە لە تیمی فریاگوزارییدا لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە بۆ ئەو ناوچانەی تورکیا کە بە ھۆی بوومەلەزرەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە نێردراوە بە کۆی گشتیی تا ئێستا ٥٥ تا ٦٠ ئەمبولانس بۆ ئەو ناوچانەی تورکیا نێردراون.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر ئەوەی کە تیمە ھاوکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا، ھاوکاری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان دەکەن.
سەفین دزەیی جەختیشی لەوە کردەوە کە تیمی ھاوکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی پێویست لە تورکیا دەمێننەوە و گوتی: "لەئێستادا لە ھەموو جیھانەوە ھاوکاری بۆ تورکیا دێت، بێگومان ئێمە لەڕووی جوگرافییەوە نزیکترینین، بۆیە تیمەکانمان یەکەمین بوون کە گەیشتنە ئەو ناوچانەی تورکیا، ئێمە ئامادەین بۆ ھەر ھاوکاریەکی دیکە کە لە تواناماندا بێت، ئەمە پرسێکی مرۆییە".
گوتیشی: "لە ھەمان کاتدا، ئێمە نیازمان ھەیە ھاوکاری بۆ ناوچەی عەفرین-یش بنێرین، بەھیوای ئەوەی بتوانین یارمەتییەکان لەڕێگای تورکیاوە بگەیەنین ئەگەر رەوشەکە گونجاوبێت".