Emre Aytekin
17 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2023
پەکین – AA
ئابووریی چین لە ٢٠٢٢ لەسەدا سێ گەشەی کردووە.
بەپێی داتاکانی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی چین (UİB) بەرهەمی گشتیی ناوخۆ لە قۆناغی کانوونی دووەم بۆ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بە بەراورد لەگەڵ هەمان قۆناغی ساڵی پێشووتر، لەسەدا سێ زیادی کردووە گەیشتووەتە ١٢١ ترلیۆن رنمینبی (نزیکەی ١٨ ترلیۆن دۆلار).
ئەمەیش دوای گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە لە ٢٠٢٠ کە بەهۆی کاریگەرییە سەرەتایییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە، لەسەدا ٢،٢ گەشەی کرد بۆ یەکەمجارە لە ١٩٧٦ەوە تاکوو ئێستا بەو رێژە کەمە بەرهەمی گشتیی ناوخۆ زیاد بکات.
گەشەی ئابووریی چین لە خوار ئاستی چاوەڕوانییەکانی حکوومەتی چین بوو کە مەزەندەی کردبوو لە ٢٠٢٢دا، ئابوورییەکەی لەسەدا ٥،٥ گەشە بکات.
گەشەی ئابووریی چین لە دوای پووکانەوە لە ١٩٧٦دا، جگە لە ٢٠٢٠ لە میانی ٤٦ ساڵی رابردوودا، بەردەوام بووە لە گەشەسەندن.
بەپێی داتاکانی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی چین ئاماژە بەوە دراوە کە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵدا، گەشەی ئابووریی لەسەدا ٢،٩؛ لە چارەکی یەکەمدا لەسەدا ٤،٨ و لە چارەکی دووەمدا لەسەدا ٠،٤، هەروەها لە چارەکی سێیەمیشدا لەسەدا ٣،٩ بووە.
گرتنەبەری رێوشوێنەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و راگەیاندنی کەرەنتینە رۆڵی هەبووە لە هەڵکشان و داکشانی گەشەی ئابووریی.
لە کاتێکدا لە ٢٠٢٢دا، ١٢ ملیۆن هەلی کار رەخسێندراوە، بەڵام رێژەی بێکاری لە چین هێشتا بەرزە و لەنێو کەسانی تەمەن ١٦-٢٤ ساڵدا لەسەدا ١٩،٩یە.