Muhammet İkbal Arslan
17 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2023
داڤۆس – AA
٥٣ەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی کە بە لووتکەی داڤۆس ناسراوە، لە شارەدێی داڤۆس لە سویسرا دەستی پێ کرد.
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی ئەمساڵ بە ناوی "هەماهەنگی لە جیهانێکی دابەشکراو" بە بەشداری زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ کەس کە ٥٠ سەرۆک و سەرۆک حکوومەتی ٣٠ وڵاتیان لەنێودان، بەڕێوە دەچێت.
ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و خاوەنکاران بەشداری لەو کۆڕبەندەدا دەکەن کە تاکو ٢٠ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت.
بانگهێشتکراو و میدیاکاران بەیانیی ئەمڕۆ روویان لە ناوچەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە کرد و دەست کرا بە تۆمارکردنی ناوەکانیان.
لە میانی کۆڕبەندەکەدا ئێوارەی ئەمڕۆ رێوڕەسمی پێشوازیکردن رێک دەخرێت.
گوتاری سەرکردەکان و پانێڵەکان لە بوارە جیاوازەکان لە سبەیەوە دەست پێ دەکەن.
لە دەروازەی شارەدێی داڤۆس و دەوروبەری ئەو ناوچەیەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لێ بەڕێوە دەچێت، رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ گیراونەتە بەر.
دانانی خاڵەکانی پشکنین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سویسرا لە دەروازەی داڤۆس، بووەتە هۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان لە دەروازەی شارەدێکە بە ریز رابوەستن.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لەلایەن کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی'یەوە بڵاو کراوەتەوە هەریەک لە: راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز؛ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین؛ سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، رۆبەرتا مێتسۆلا؛ سەرۆکی کۆریای باشوور، یوون سوک یول؛ سەرۆکی کۆماری ئەفریقای باشوور، سیریل ڕامافۆسا؛ سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، پێدرۆ سانچێز؛ سەرۆکی کۆنفێدراسیۆنی سویسرا، ئالاین بێرسەت؛ سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ؛ سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، ئەلێکساندەر دی کروو؛ سەرکۆماری کۆڵۆمبیا، گوستاڤۆ پێترۆ؛ سەرکۆماری کۆنگۆی دیموکرات، فێلیکس تشیسکدی؛ سەرۆکوەزیرانی فینلاند، سانا مارین؛ سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کریاکۆس میچۆتاکیس؛ سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا، لیۆ ڤارادکار؛ سەرکۆماری مۆڵدۆڤیا، مایا ساندو؛ سەرۆکوەزیرانی مەغریب، عەزیز ئەخنوش؛ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، مارک رووتە؛ سەرۆکی فلیپین، فێردیناند مارکۆس؛ سەرکۆماری پۆڵەندا، ئەندجی دودا؛ سەرکۆماری سڕبیا، ئەلێکساندەر ڤوجیج؛ سەرۆکوەزیرانی تەنزانیا، سامیە سوڵحو حەسەن و سەرۆکوەزیرانی تونس، نەجلای بودن بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا دەکەن.
کۆڕبەندەکە بە بەشداری هەر یەکە لە باڵیۆزی ژینگەی ئەمریکا، جۆن کێری، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا (DNI)، ئەڤریل هاینز، وەزیری کاری ئەمریکا، مارتی والش، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا، کاترین تای، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی کەنەدا، کریستیا فریلاند، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی چین، لیو هی، وەزیری دەرەوەی پاکستان، بیلاڤاڵ بوتۆ زاداراری , سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا (ECB) کریستین لاگارد، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO ، تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسیوس و سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA)، فاتیح بیرۆل بەڕێوەدەچێت.
- بابەت و کێشە هەنووکەییەکان لە کارنامەی کۆڕبەندەکەدا دەبن
لە میانی کۆڕبەندەکەدا جگە لە قەیرانی ئابووری، هەروەها بابەتەکانی وەک جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، پەتای کۆرۆنا، تەکنەلۆژیا، وزە، گۆڕانی ئاووهەوا، تەندروستی، کۆچ و قەیرانی نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
ناونیشانی دانیشتنەکان بریتین لە "تاوتوێکردنی بەرەنگاربووەنەوەی قەیرانە هەنووکەییەکانی وزە و خۆراک لە چوارچێوەی سیستەمێکی نوێی وزە و ئاووهەوا"، "هەڵاوسانی بەرزی ئێستای پەیوەست بە وەبەرهێنان، بازرگانی و سیستەمی ژێرخان"، "پێکهێنانی سیستەمێکی نوێ بۆ داهێنان لە کەرتی تایبەت بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان"، "لە چوارچێوەی سیستەمێکی نوێی کاردا چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی"، "مەترسییە هەنووکەییەکانی جیۆپۆلەتیک لە چوارچێوەی سیستەمێکی نوێی گفتوگۆ و هاوکاریدا".
- بانگەوازی سەرکردەکان دەکرێت "بەیەکەوە تاوتوێی قەیرانەکان بکەن"
کۆڕبەندەکە لە کاتێدا بەڕێوەدەچێت کە چەندین کێشە و گرفتی جیاواز لە بوارە جیاجیاکان بەرۆکی جیهانی گرتووە. لە کۆڕبەندەکەدا بانگەوازی سەرکردەکان دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و قۆستنەوەی دەرفەتی بەیەکەوە کارکردن.
لە ٥٣هەمین لووتکەی كۆڕبەندى ئابووریی جيهانیى (WEF) سەرنج دەخرێتە سەر چارەسەرییەکان و هاوکاریی گشتی و تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە.
- ناڕەزایەتی بەرامبەر بە كۆڕبەندى ئابوورىی جيهانیى دەردەبڕدرێت
دوێنێ چەند گرووپێک لە چالاکوانانی ژینگە ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی و گۆڕانی ئاووهەوا، دەربڕی.
ژمارەیەکی زۆر ژینگەپارێز بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەدا کرد کە لە گۆڕەپانی پۆستەخانە لە داڤۆس ئەنجام درا.
ژینگەپارێزان کە بە چەندین زمان دروشمیان لە دژی گۆڕانی ئاووهەوا و کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بەرز کردبووەوە، رەخنەیان لە حکوومەتی ئەو وڵاتانە گرت کە خەمساردن بەرامبەر گۆڕانی ئاووهەوا.
ژینگەپارێزان رەخنە لە حکوومەتی سویسرا -کە میوانداری کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەکات و- هاوبەشەکانی رێکخستنی کۆڕبەندەکە دەگرن بەوەی کە لە کۆربەندەکەدا تەنها لەبارەی نیگەرانییە ئابوورییەکان رێک دەخرێت و چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشە گرنگەکانی وەک گۆڕانی ئاووهەوا نادیدە دەگیرێن.