عێراق

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق: "دەستوور دەبێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا"

- گوتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال: "گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری بەردەوامە لەبارەی چەندین پرسی هەلپەسێردراو، و دەستوور دەبێتە بنەمای چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک لەنێوان بەغدا و هەولێر".

Sarmand Hameed  | 08.07.2020 - نوێکردنەوە : 09.07.2020
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق: "دەستوور دەبێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا"

هەولێر - AA

گوتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری بەردەوامە لەبارەی چەندین پرسی هەلپەسێردراو، و دەستوور دەبێتە بنەمای چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک لەنێوان بەغدا و هەولێر.

ئەحمەد موللا تەڵال دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئەنجامدا.

ئەحمەد موللا تەڵال لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕالی رایگەیاند "سەردانی شاندەکان لەهەردوولا بەردەوامن بە ئامانجی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕال لەسەر بنەمای دەستوور".

گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سیستەمی فیدرالی لە عێراق بە ئەزموونێکی نوێ لە وڵات لە قەڵەمدا و باسی لەوە کرد کە لەپێناو قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدرالی لە چوارچێوەی عێراقدا لەگەڵ حکوومەتی ناوەند پێویستی بە کار زیاتر و گفتوگۆی زیاترە.

ئەحمەد موللا تەڵال لەبارەی مەرج و داواکارییەکانی بەغدا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئێمە لە بەغدا جگە لە گفتوگۆ هیچی دیکەمان نییە، هەموو هێزە سیاسییەکان لە کوردستان بڕوایان بە گفتوگۆ هەیە، زۆر شاند لە هەرێمەوە هاتوونەتە بەغدا و زۆر شاندیش لە حکوومەتی فیدڕالی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە لەپێناو چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا".

گوتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەحمەد موللا لەبارەی هەماهەنگی ئەمنیی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕالی، ئاماژەی بەوە کرد کە گوتەبێژ بەناوی فەرماندە گشتی هێزە چەکدارەکان لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی روونکردووەتەوە کە بۆشایی ئەمنیی هەیە و ئەگەری ئەوەی لێدەکرێت پاشماوەکانی داعش ئەو بۆشایە بقۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی، بۆیە ژووری هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کراوەتەوە بە ئامانجی بەرگرتن لە کردە تیرۆریستیەکانی داعش.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن