کۆمیسیۆن: "دوای ١٧ رۆژی دیکە ئەنجامەکانی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە رادەگەیەنین"
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق: "دوای ١٧ رۆژی دیکە، ئەنجامەکانی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، رادەگەیەنین".
Arbil
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە دوای ١٧ رۆژی دیکە، ئەنجامەکانی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، رادەگەیەنێت.
ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عیماد جەمیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوای ١٧ رۆژی دیکە و دوای یەکلاییکردنەوەی تانەکان، ئەنجامەکانی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران رادەگەیەنن.
عیماد جەمیل باسی لەوەشکردووە کە ئەمڕۆ سێشەممە، دوایین وادەیە بۆ پێشکەشکردنی تانەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە و گوتی: "تا ئێستا ھەزار و ٣٠٠ تانەمان لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان بەدەست گەیشتووە".
پێشتر ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، موھەنەد مستەفا رایگەیاندبوو کە تا ئێستا ھەزار و ٢٥٠ تانەیان لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان بەدەست گەیشتووە.